هەسەدە: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق لە کۆبانێ لە هێرشەکانییان بەردەوامن


وێستگەنیوز-

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" رایدەگەیەنێت، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق هێرشەکانیان بۆ سەر دەوروبەری شاری کۆبانێ دەستپێکردووەتەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە 26ی کانونی دووەمی 2026، هەسەدە رایگەیاند، "لە کاتژمێر 02:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق هێرشی چڕیان لە چەند قۆڵێکەوە کردووەتە گوندەکانی (خەراب عەشک و جەلەبیا)، کە دەکەونە باشووری رۆژهەڵاتی شاری کۆبانێ، هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ تۆپبارانێکی سەختی گەڕەکەکان و دەوروبەری ئەو دوو کۆبانێ".

بەپێی راگەیەندراوەکەی هەسەدە، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە، شەڕ و پێکدادانی سەخت لە نێوان هێزەکانیان و گروپە هێرشکارەکاندا روویداوە. هاوکات دووپاتی کردووەتەوە، هێزەکانیان بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکان، بە تایبەت لە گوندی "جەلەبیا"، کە تا ئێستاش شەڕی قورس تێیدا بەردەوامە.

هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، "گروپە هێرشکارەکان بەردەوامن لە هێنانی هێزی پشتیوانی زیاتر، لەوانە تانک و زرێپۆش. هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنەدا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە چڕی بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە".

هەسەدە ئەم هێرشانەی بە پێشێلکارییەکی ڕوون و ئاشکرای ڕێککەوتنی ئاگربەست ناوبردووە، کە تەنها دوو رۆژ بوو چووبووە بواری جێبەجێکردنەوە، بە بڕوای هەسەدە، "پابەند نەبوونی دیمەشق بە بەڵێنەکانی و بەردەوامبوونی لە سیاسەتی پەرەسەندنی سەربازی و تێکدانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا پشتڕاست دەکاتەوە".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، هەسەدە جەختی لە مافی رەوای خۆی کردووەتەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی و دیمەشقی بە "بەرپرسیارێتی تەواو"ی ئەم پێشێلکارییانە و لێکەوتە مرۆیی و ئەمنییەکانیان زانیوە، هەروەها داواشی لە لایەنە گەرەنتییەکانی رێککەوتنی ئاگربەست کردووە "بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن و بە پەلە بجوڵێن بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە و کۆتاییهێنان بە پەرەسەندنی بەردەوامی دیمەشق".


AM:11:49:26/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو