مەزڵوم عەبدی: خۆمان خەڵک و میلـلەتی خۆمان دەپارێزین
وێستگەنیوز-
شەوی یەکشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەرنامەیەکی تایبەتدا رایگەیاند، "خۆمان خەڵک و میلـلەتی خۆمان دەپارێزین".
ئاماژی بەوەکرد، ئەمریکا و فەرەنسا و هاوپەیمانان لەسەر هێڵن، هەروەه پەیوەندیمان لەگەڵ دیمەشق هەیە و دانوستاند بەردەوامە و پێشنیازی وەزیری پاراستن و پارێزگاری حەسەکەمان پێدراوە".
باسی لەوەشکرد، "ئەگەر داخوازییەکانمان جێبەجێنەکرێت، هیچ رێککەوتنێک واژۆ ناکەین، بەپێی ڕێکەوتنەکان هیچ پێکدادانی سەربازی لە ناوچە کوردییەکان ڕوونادات".
مەزڵوم عەبدی باسی لە رۆڵی سەرکردەکانی کورد کرد و وتی، "مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، د. بەرهەم ساڵح، لەتیف ڕەشید، بافڵ تاڵەبانی، لەگەڵمانن و سوپاسیان دەکەین".
وتیشی، "سوپاسی خۆپیشاندانی بەرفراوانی کوردانی هەموو جیهان دەکەین، هەروەها جێگەی خۆشحاڵییە کە جارێکی تر ڕۆحی یەکگرتوویی کورد، هاوشێوەی ئەو گیانە فیداکارییەی لە 2014 لە کۆبانێ بینیمان، زیندوو بووەتەوە و ئەمڕۆ شاهیدی کۆدەنگییەکی نیشتمانین بۆ پشتیوانیکردن".
جەختی لەوەشکردەوە، "لە دانوستاندا لەگەڵ دیمەشق بگەینە هەر ئەنجامێک بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین".
راشیگەیاند، "ئێمەش هەوڵدەدەین ئەو ئاگربەستەی لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق هەیە، لە ماوەی ئەو 15 ڕۆژە بەشێوەیەکی کردەیی پرسی ڕێککەوتنەکەمان تاوتوێ بکەین و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، هاوکات ئەو هێرشانە دەکرێنە سەر کۆبانێ دەبێت بووەستن".
مەزڵوم عەبدی دووپاتیکردەوە، "بە ڕێککەوتنی 18ی کانوونی دووەم پابەندین، بەڵام ئێستا پەیوەستە بەوەی کەی و چۆن جێبەجێ دەکەین، هاوکات کار لەسەر ئەوە دەکەین هەندێک ناوەڕۆک ڕێککەوتنەکە زیاتر ڕوون بکرێتەوە، هەروەها دەمانەوێت ناوچە کوردییەکان بپارێزین و دوور بێت لە شەڕ و لەژێر کەلتوور و سیاسەتی کوردیدا بێت".
ئەوەشی وت، "ناوچە كوردییەكان هێڵی سوورە و تاوەكو دوا شەڕڤان لەپێناویدا دەجەنگین و هیچ جیاوازییەک لە نێوان کۆبانی و عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی ناکەین، تایبەتی هەموو ناوچه کوردستانییەکان پارێزراوه و هەر ڕێککەوتنێک بکەین ئەو ناوچانەش به هەمان شێوه دەگرێتەوه".
AM:09:25:26/01/2026
ئهم بابهته 120
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت