بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: گەمارۆی سەر کۆبانێ کارەساتە و هێرشکردنە بۆ سەر ئیرادەی گەلانی ئازاد
وێستگەنیوز-
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی رای گشتیی ناوخۆیی و جیهانی دەکات.
ئەمڕۆ شەممە 24ی کانونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، "گەمارۆی سەر کۆبانێ ژیانی سەدان هەزار هاوڵاتیی مەدەنی خستووەتە مەترسییەوە و شارەکەی گەیاندووەتە لێواری کارەسات".
ئاماژە بەوەدەکات، "کۆبانێ تەنیا شارێک نییە، بەڵکوو هێمای بەرخۆدان و ئەو شوێنەیە کە یەکەمین هێڵی بەرگری بوو دژی تیرۆر و پاراستنی بەها مرۆییەکان، بۆیە بەئامانجگرتنی ئەمڕۆی، هێرشکردنە بۆ سەر ئیرادەی گەلانی ئازاد".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا و کردنەوەی رێڕەوی ئارام بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و پزیشکی و گواستنەوەی بریندارەکان بەبێ هیچ مەرج و بەربەستێک.
بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانی بە بەرپرسیار زانی لە ڕووی یاسایی و ئەخلاقییەوە، داواشی لێکردن دەستبەجێ دەستتێوەردان بکەن بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ناوچەکانی کانتۆنی جەزیرە، کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتیی ناوخۆیی.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ستایشی بەرخۆدانی قارەمانانەی خەڵکی حەسەکە و کانتۆنی جەزیرەی کرد و داوای لە دانیشتووانی ناوچەکە کرد ئاستی بەرخۆدانی ڕەوا بەرزبکەنەوە و هەموو تواناکان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و پاشەڕۆژی نەوەکان یەکبخەن.
ئەوەشخراوەتەڕوو، "بێدەنگی لە ئاست ئەوەی روودەدات هاوبەشیکردنە لە تاواندا، دەستتێوەردانی بەپەلەش ئەرکێکی مرۆییە و ناکرێت دوا بخرێت".
PM:08:08:24/01/2026
ئهم بابهته 256
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت