وتەبێژی دەم پارتی: زمان و ناسنامەی کورد بۆ سەر هیچ وڵاتێک هەڕەشە نییە و پێویستە مافی بپارێزرێت
وێستگەنیوز-
وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "دەم پارتی"، رایدەگەیەنێت، سنوور لە فەرهەنگی تاکی کورددا نییە، ئاماژە بەوەشدەکات، پێویستە ماف و داخوازییە گەلی کورد قبووڵ بکرێت و دانی پێدابنرێت
ئەمڕۆ هەینی، 23ی کانونی دووەمی 2026، ئایشەگول دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "پێویستە دۆستایەتی لە نێوان کورد و تورک زیاتر پەرەی پێبدرێت، بۆ ئەوەی برایەتی راستەقینە دروست ببێت، نابێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد وەک هەڕەشە بۆ سەر هیچ نەتەوە و لایەنێک تەماشا بکرێت، بەڵکو دەبێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد قبووڵ بکرێن، لە مێژوو دا گەلی کورد بەهۆی سنوورەکانی جوگرافیاوە پارچە پارچە کراوە، بەڵام لە دڵەوە هەموو کورد یەکپارچەیە".
ئاماژەی بەوەکرد، "سنوور لە فەرەهەنگی تاکی کورددا نییە، هەزاران جار ئەوەمان دووپات کردووەتەوە، پێویستە ماف و داخوازیی گەلی کورد قبووڵ بکرێت و دانی پێدابنرێت، کورد بوونی خۆی دەپارێزیت و بێ ناسنامەیی چیتر قبووڵ ناکات، زمان و ناسنامەی کورد بۆ سەر هیچ وڵاتێک هەڕەشە نییە".
ئایشەگول دۆغان وتی، "پێویستە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و سوریا بەشێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەبچێت، بۆ ئەمەش هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن و دیداری کۆبوونەوەی زیاتر دەکەین، هەروەها لە چەند رۆژی داهاتوو لەگەڵ پارتە سیاسییەکان بە ئۆپۆزیسیۆنیشەوە کۆدەبینەوە".
وتیشی، "پەیوەندی زۆر باش لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمەش جێگەی ئومێد و دڵخۆشی هەموومانە، داوا دەکەین ئەم پەیوەندییە لە نێوان تورکیا و رۆژئاواش هەبێت و پەرەی بدرێت".
باسی لەوەشکرد، "لە سوریا ژمارەیەک نەتەوە و ئایینی جیاواز هەیە، پێویستە مافی هەموو لایەک بپارێزرێت، ئەگەر تورکیا دەیەوێت ببێتە وڵاتێکی پێشەنگ لە ئاشتی رێگە کراوەیە و ئێمەش پشتیوانی دەکەین".
PM:05:18:23/01/2026
ئهم بابهته 160
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت