مەسعود بارزانی: هەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلی کوردستان دەیکەین


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی کانونی دووەمی 2026، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رۆما دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لەگەڵ گویدۆ کرۆزیتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرنگتر، کەرامەت و هەبوونی کوردە، هەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلی کوردستان، ئێمە ئامادەین بیکەین".


ئاماژەی بەوەکرد، "دەستپێشخەری و هەوڵەکانمان بۆ ئاشتی لە سوریا بەردەوامە، دڵمان لای کوردانی رۆژئاوای کوردستانە و بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدەین کورد لە رۆژئاوا پارێزراوبێت".

مەسعود بارزانی وتی، "بەرپرسانی ئیتاڵیا، لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان تێدەگەن، هاوسۆزی خۆیان دەربڕیوە و بەڵێنیان پێداوە، هاوکاری و پشتیوانیی گەلی کورد بکەن".

وتیشی، "لەگەڵ هەموو لایەک لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی کێشەکان لە سوریا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و هیوامان وایە بەم شێوەیەش چارە بکرێن، بەڵام هەموو ئەگەرەکانیش کراوەن و دەبێت خۆمان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکەین".

مەسعود بارزانی لەبارەی رۆڵی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، "هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان و هەولێر هەن، بەڵام داوا لە سەربازانی ئیتاڵیا و هاوپەیمانان ناکەین بەشداری لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکدا بکەن بۆ پاراستنمان، هێزەکانی پێشمەرگە دەتوانن بەوپەڕی ئازایەتییەوە بەرگری لە کوردستان بکەن، تەنیا داوایان لێ دەکەین لە ڕووی مەعنەوی و سیاسییەوە هاوکاریمان بکەن".


PM:02:32:22/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت