دادگای فیدراڵیی عێراق تانەی مەلا بەختیاری لەبارەی دوورخستنەوەی لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رەتکردەوە
وێستگەنیوز-
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنێکدا تانەی یەکێک لە کاندیدەکانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق رەتکردەوە، کە بەهۆی کێشەی بڕوانامە و رەگەزنامەوە لە کاندیدبوون دوورخرابووەوە.
لەمبارەیەوە و بەپێی بڕیارێکی دادگاکە کە ژمارە (19/فیدراڵی/2026)ی هەڵگرتووە و لە 19-1-2026 دەرچووە، دادگا سەیری تانەی (حیکمەت محەمەد کەریم)ی کردووە، کە ناسراوە بە مەلا بەختیار، تانەی لە بڕیاری دادگا دابوو بەرامبەر بە دوورخستنەوەی لە لیستی کاندیدانی سەرۆک کۆمار لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.
لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە، هۆکاری دوورخستنەوەی ئەو کاندیدە دەگەڕێتەوە بۆ دوو خاڵی سەرەکی:
1- بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە، ڕەگەزنامەی یەکێک لە دایک یان باوکی کاندیدەکەی نەسەلماندووە کە عێراقییە.
2- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پشتگیری بڕوانامە و یەکسانکردنی بڕوانامەکەی نەکردووە.
دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەپێی مادەی (1/ یەکەم و چوارەم) لە یاسای حوکمەکانی کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار (یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2012)، مەرجە کاندید لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت و خاوەنی بڕوانامەی زانکۆ بێت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دانپێدانراو بێت.
لە کۆتاییدا، دادگا بڕیاریدا تانەی ناوبراو رەتبکاتەوە و تێچووی دادبینی لە ئەستۆی خۆی بێت، بڕیارەکەش پلەی کۆتایی هەیە و هەموو دەسەڵاتەکان پابەند دەکات.
AM:11:04:22/01/2026
ئهم بابهته 668
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت