ئەمڕۆ 80 ساڵ بەسەر راگەیاندنی کۆماری کوردستان تێپەڕدەبێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ 80 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕدەبێت، کە قازی محەمەد وەک سەرۆک کۆمار سوێندی یاسایی خوارد.
لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە 22ی کانونی دووەمی 1946ی زایینی بەرامبەر بە 2ی رێبەندانی 1325ی هەتاوی لە رۆژھەڵاتی کوردستان لەسەر دەستی حزبی دیموکراتی کوردستان یەکەمین کۆماری کوردستان یان کۆماری مەھاباد لە گۆڕەپانی چوارچرای مەهاباد بە بەشداریی زیاتر لە 20 هەزار کەس لە نوێنەرانی هەموو چین و توێژەکان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەمەد راگەیەندرا.
جوگرافیای کۆماری کوردستان
کۆماری کوردستان زۆرتر ناوچەی موکریانی دەگرتەوە و پایتەختەکەی شاری مەهاباد بوو.
شارەکانی بۆکان، شنۆ،پیرانشار، سەردەشت و نەغەدە بەشێک لە کۆماری کوردستان بوون، کۆمار لە باشوورەوە ھەتا نزیک شارەکانی بانە و سەقز درێژەی ھەبوو و لە باکووریشەوە داخوازی بەڕێوەبردنی شارەکانی ورمێ و سەڵماسی دەکرد کە لەژێر دەسەڵاتی کۆماری نەتەوەیی ئازەربایجاندا بوون.
گرنگترین دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان:
- ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستان.
- پێکھێنانی سوپای میللی و ناوی پێشمەرگە بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورددا.
- بایەخدان بە زمانی کوردی و دامەزراندنی چاپخانە و بڵاوکردنەوەی کتێب و پەرتوک و رۆژنامە و پەوەردە و قوتابخانە بە زمانی کوردی.
- بایەخدان بە پرسی ئافرەتان و دامەزراندنی رێکخراوی تایبەت بە ئافرەتان و هاندانیان بۆ ئەوەی بچنە بەر خوێندن.
لەم ماوە 11 مانگدا، جیا لە دامەزراندنی حوکمڕانی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان، خوێندن و پەروەردە کرایە کوردی، چاپخانە هێنرایە مهاباد و رۆژنامەیەک و چوار گۆڤار و یەک لەوانیش گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵان چاپ و بڵاکرایەوە، شیعر و چیرۆک و ئەدەبیاتی کوردی برەوی پێدرا، بۆ یەکەمجار شانۆنامەی دایکی نیشتمانی بە زمانی کوردی نمایش کرا، رادیۆ لە مهاباد دامەزرا.
هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستان، لەشکری میللی کوردستان دامەزرا کە دواتر ناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لێنرا و ئەم ناوە تائێستاش لە ناو کورددا وەک ناوێکی پیرۆز ماوەتەوە، مارشی ئەی رەقیب کرایە سروودی نەتەوەیی و ئاڵای کوردستان دەستنیشان کرا و لەسەر دامودەزگاکانی حکومەت هەڵدرا.
پەیوەندیی سیاسی و ئابووری لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت و کۆماری ئازەربایجان رێکخرا و بەرهەمی کشتوکاڵیی کوردستان هەناردەی سۆڤیەت کرا، بۆ دابینکردنی بودجەی حکومەتیش سیستەمی باج لەسەر داهاتی هاوڵاتییان پەیڕەو کرا.
لە 15ی کانونی یەکەمی 1946، سوپای ئێران ھاتە ناوچەکە و دەستی بەسەر مەھاباد دا گرت. لەگەڵ ھاتنیان، چاپخانەی کوردییان داخست، فێرکردنیان بە زمانی کوردی قەدەغە کرد، ھەر کتێبێکی کوردییان بدۆزیایەتەوە دەیان سووتاند، دواجار لە 31ی ئازاری 1947، قازی محەمەد بە تۆمەتی خیانەت لە دەوڵەتی ئێران، لە مەھاباد و لە ھەمان ئەو مەیدانەی کە کۆماری کوردستان ی لێ راگەیاندبوو لە سێدارە درا.
AM:10:47:22/01/2026
ئهم بابهته 328
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت