مەسعود بارزانی لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەیەم و سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان كۆبووەیەوە
وێستگهنیوز –
رۆژی چوارشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2026، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڤاتیکان لەلایەن پاپا لیۆی چواردەیەم پێشوازیی لێکرا و پاشان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان كۆبووەیەوە.
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "لە دیدارەکەدا پاپا لویسی چواردەیەم بەخێرهاتنێکی گەرمی مەسعود بارزانی کرد و هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دیداری نێوانیان دەربڕی وەک دەرفەتێک بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی بیروڕا لەسەر بابەتە گرنگەکانی ناوچەکە و جیهان".
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "هەر لەو دیدارەدا هەردوولا هیوای ئەوەیان خواست کە ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا باڵادەست بێت و کۆتایی بە ئازار و نەهەماتیی گەلان بهێندرێت".
لە راگەیەندراوێكی دیكەدا بارەگای بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، "لە چوارچێوەی سەردانەی بۆ ڤاتیکان مەسعود بارزانی لەگەڵ بپیترۆ پارۆلینی سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان کۆبۆوە و لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان وێڕای بەخێرهێنانی بارزانی، پێزانینی بۆ رۆڵی لە قووڵترکردنی فەرهەنگی پێکەوەژیان و سەقامگیری و ئاسایش لە کوردستان و عێراق هەبوو کە بۆتە هۆی ئەوەی خەڵک لە کوردستان و عێراق بە ئارامی و ئاشتی بژیین".
بەپێی راگەیەندراوەكە، "لە بەشێکی تری دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و هەڕەشەکانی سەر ئایندەی ناوچەکە و بە تایبەتی سووریا خرانە بەر باس و گفتوگۆ، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڤاتیکان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون".
PM:02:57:21/01/2026
ئهم بابهته 148
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت