ئەنەکەسە لەبارەی گرژییەکانی رۆژئاوای کوردستان هۆشداری دەدات


وێستگەنیوز- 

ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە)، لە بەیاننامەیەکی بەپەلەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 20 کانونی دووەمی 2026 بڵاویکردەوە، نیگەرانیی قوڵی خۆی لە هەمبەر پەرەسەندنی مەترسیداری بارودۆخی سەربازی لە دەوروبەری شاری حەسەکە و ناوچە کوردییەکانی دیکە دەربڕی. 

ئەنجومەنەکە هۆشداری دەدات کە ئەم جوڵە سەربازییانە هەڕەشە لە ئاسایشی مەدەنییەکان دەکەن و ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی نوێی شەڕ و وێرانکاری دەبەن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، سەپاندنی ئەمری واقیع بە هێزی چەک لە ناوچە کوردییەکان، تەنها دەبێتە هۆی فراوانبوونی بازنەی گرژییەکان و دروستکردنی ناڕەزایەتییەکی توندی جەماوەری، ئەمەش ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.

جەخت دەکاتەوە لەوەی لۆژیکی چەک ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی چارەسەری سیاسی و هیچ ماف و ئاسایشێکی بەردەوامیش بۆ پێکهاتەکان دابین ناکات.

ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد ڕایدەگەیەنێت، هەر جۆرە تێگەیشتن و ڕێککەوتنێک سەبارەت بە داهاتووی ناوچە کوردییەکان، نابێت تەنیا لە چوارچێوەی ئەمنی و سەربازیدا بێت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای پڕۆسەیەکی سیاسیی ڕوون بێت کە مافە نەتەوەییە ڕەواکانی گەلی کورد لە دەستووردا گەرەنتی بکات و شەراکەتێکی نەتەوەیی ڕاستەقینە لە سووریایەکی دیموکرات و فرەییدا بێتە کایەوە.

‌هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئەنەکەسە داوای بەپەلە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و سیاسیی خۆیان هەڵبگرن بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری شەڕ، هەروەها داوا دەکات بە زووترین کات گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ هەڵبگیرێت و ئاو و کارەبا بۆ دانیشتووانەکەی دابین بکرێتەوە، تاوەکو زەوینە بۆ گفتوگۆیەکی سیاسیی جدی بڕەخسێت کە ناوچەکە لە خوێنڕشتنی زیاتر بپارێزێت.


AM:02:26:20/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت