عەلی حەمەساڵح بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی: فشار بخەنە سەر دیمەشق بۆ وەستاندنی هێرشەکان
وێستگەنیوز-
عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردووی سوپای سوریا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەیدا عەلی حەمەساڵح رایگەیاند، "ئەو هێرشە سەربازییە فراوانەی دوێنێ شەو سوپای سوریا و گرووپە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر رۆژئاوا، تەنها پێشێلکارییەکی سەربازی کاتی نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی مەترسیدارە بەرەو تێکدانی بنەماکانی سەقامگیری لە ناوچەکە، بیرکردنەوەو پلانە بۆ سڕینەوەی ئەزمونی حوکمڕانی کوردی لە تەواوی ڕۆژئاوای کوردستان و بەگەڕخستنی میدیای گەورەی چەواشەکاری و رەگەزپەرستی".
ئاماژەی بەوەکردووە، "هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پێناو کەمکردنەوەی ناکۆکی، لە دێرحافر و مەسکەنە کشانەوە، بەڵام دەسەڵاتی دیمەشق بێ رەچاوکردنی رێککەوتنەکان، پەنای برد بۆ هێزی سەربازی بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی خۆبەڕێوەبردن لە چەندین ناوچەی دیکەی ڕۆژئاوا".
عەلی حەمەساڵح دەڵێت، "ئەم دەستدرێژییە مەترسییەکی جددییە بۆ سەر ئاسایشی نزیکەی پێنج ملیۆن هاوڵاتی و ئەزمونی بەڕێوەبردنی کورد لەسەر خاکی خۆی، بۆیە لێرەوە بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، ئەرکی یاسایی خۆیان جێبەجێبکەن و فشار بخەنە سەر دیمەشق بۆ وەستاندنی هێرشەکان".
PM:12:14:18/01/2026
ئهم بابهته 340
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت