ئیلهام ئەحمەد بۆ وێستگەنیوز: مەترسی لەسەر کوردانی رۆژئاوا هەیە


وێستگەنیوز- لەنیا بەختیار

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایدەگەیەنێت، ئەوان "ئێمە ئاگاداری ئەو پەیوەندییە بووین کە لەنێوان مەسعود بارزانی و ئەحمەد شەرع ئەنجام درا، دەشڵێت، "مەترسی زۆر لەسەر کوردانی رۆژئاوا هەیە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی کانونی دووەمی 2026، لەنیا بەختیار پەیامنێری وێستگەنیوز لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشداربوو کە کۆنگرەکە بەشێوەی ئۆنلاین لەڕێگەی زوومەوە بوو بۆ قسەکردن لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان و هێرشەکانی سەر دوو گەرەکی کوردنشین لە سوریا.

لە کۆنگرەکەدا لەنیا بەختیار لە ئیلهام ئەحمەد دەپرسێت ئەم دۆخە قورسەی ئێستا بەسەر بەشێک لە کوردانی ڕۆژئاوادا هاتووە تا چەند هێزە کوردییەکانی باشوور پاڵپشتان بوو و هەڵوێستیان چی بوو لەگەڵتان، بەتایبەت دوو هێزە سەرەکییەکە کە (یەکێتی و پارتی)یە هیچ هاوکارییەکیان هەبوو بۆتان.

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە وەڵامدا ڕایگەیاند، ئێمە لەکاتی دروستبوونی شەڕ لە سوریا داوای هاوکاریمان لە کوردەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بە تایبەت باشوور کرد، چونکە باشووری کوردستان پەیوەندیی دیبلۆماسی باشی هەیە".

ئیلهام ئەحمەد باسی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان مەسعود بارزانی و ئەحمەد شەرع کرد و وتی، "ئێمە ئاگاداری ئەو پەیوەندییە بووین کە لەنێوان مەسعود بارزانی و ئەحمەد شەرع ئەنجام درا لەسەر داوای ئێمە پەیوەندییەکە ئەنجام درا، هەروەها مەسعود بارزانی لە دۆخی ئێمەی پرسی و پێی وتین پێویستان بە چی هەیە".

وتیشی، "مەترسی زۆر لەسەر کوردانی رۆژئاوا هەیە، کوردانی ئەوروپا دەیان چالاکییان ئەنجام داوە لەبەر ئەوەی ئەو مەترسییەی لەسەر کورد هەیە لە سوریا کەمبێتەوە".

باسی لەوەشکرد، "ئەو کاتەی هێرشکرایە سەر شێخ مەقسود فەرەنسا لەسەر خەت بوو و بەردەوام قسەمان لەگەڵ دەکردن، فەرەنسییەکان دەیانویست شەڕ بوەستێت و خەڵک لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب بمێنن".

لە پرسیارێکی دیکەدا لەنیا بەختیار دەپرسێت، ئێوە دەڵێن هێرشەکەی سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفیە پلانێکی نێودەوڵەتی بوو، کەواتە کامە وڵات ئەم پلانەی گێراوە، ئێوە کێ بە تاوانباری سەرەکی ئەم شەڕە دەزانن؟

ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندیی خۆیان یارییەکی ترسناک دەکەن".

هەروەها دەشڵێت، "لەسەر خەتین شەڕ لە دێرحافر بوەستێت، جیالەوانە سەربازانی فەرەنسی لە سوریا لەگەڵ تورکیا بووەتە ناکۆکییان، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی فەرەنسا".

ئیلهام ئەحمەد راشیگەیاند، "جارێکی تر ئێمە وڵاتان دەخەینە ژێر بەپرسیارییەوە بۆ ئەوەی ژیانی خەڵک پارێزراو بێت و ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت کە لە سوریا هەیە و بەتایبەت سەرۆکی ئەمریکا کە خۆی ئاماژەی بەوەدابوو، ئێمە کاغەزی رێککەوتن دەخەینە بەردەم لایەنەکانی سوریا".


PM:10:32:15/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو