شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بۆ شەهیدانی رۆژئاوای کوردستان: بۆ هەتاهەتایە ناویان لە دڵمانا بە نەمری دەمێنێتەوە
وێستگەنیوز-
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان دەکات.
لە پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هاتووە، "بە دڵێکی پڕ لە خەم و ئازارەوە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خوشک و براکانم لە رۆژئاوای کوردستان و سەرجەم نەتەوەی کورد و مرۆڤایەتی دەکەمم پرسە بۆ گیانلەدەستدانی (زیاد حەڵەب) سەرقافڵەی شەهیدانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، کە بە بەرچاوی سازشکارانەی جیهانەوە لەپێناوی ئازادی و شکۆمەندیی نەتەوەکەیدا، بەرامبەر سوپای بێشووماری تاریکپەرستان راوەستا و چۆکی دانەدا و تەسلیم نەبوو".
ئەوەش هاتووە، "پرسە و خەمی قووڵم بۆ شەهیدبوونی (دەنیز)ی کچە شەڕڤان، کە شەمشەمەکوێرەکان تەنانەت لە جەستەی بێ گیانی نەگوزەران و بێڕێزییان بە تەرمە پیرۆزەکەی کرد".
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت، "خەم و پەژارەم لە بڕان نایەت بۆ ئەو هەموو شەهید و پیر و گەنج و مناڵەی، کە بە برینداری کەوتنە ژێر داروپەردووی نەخۆشخانە و خانووە ڕووخاوەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودەوە، هەروەها ئەوانەی بوونە دیلی شەمشەمەکوێرەکانی تاریکی و دوور لە نەریتی مرۆڤایەتی مامەڵەیان لەگەڵدا کرا".
دەشڵێت، "پرسە و خەمی ئەم جارەمان ئێجگار بەسوێیە، ئێمە بۆ مرۆڤایەتی جەنگاین و شەهیدمان دا، کەچی ئەوان بۆ ئێمە لە بێدەنگی و سەیرکردن بەولاوە، وەڵامێکی تریان پێنەبوو".
لە پەیامەکەشدا ئەوە هاتووە، "لە کۆتاییدا ئەوەی جێی هیوایە، ئەو پێشوازییە بێ وێنەیە بوو، کە خوشک و براکانم لە رۆژئاوای کوردستان، لە تەرمی پیرۆزی ئەو پۆلە شەهیدەیان کرد، ئەمانە بۆ هەتاهەتایە ناویان لە دڵمانا بە نەمری دەمێنێتەوە".
PM:02:19:12/01/2026
ئهم بابهته 332
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت