سەنتەری میترۆ 15هەمین راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێم بۆ ساڵی 2025 بڵاودەکاتەوە


وێستگەنیوز-

بڕیارە سەنتەری میترۆ لە چەند رۆژی داهاتوودا 15هەمین ڕاپۆرتی ی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 بڵاوبکاتەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە 12ی کانونی دووەمی 2026، سەنتەری میترۆ رایگەیاند، "بڕیارە لە رۆژانی ئایندە، سەنتەری میترۆ 15هەمین راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025، بە ناونیشانی (ژینگەی بێ لێپرسینەوە و بێ دادپەروەری هەڕەشە لە ئازادی رۆژنامەگەری دەكات)، هەروەها یەكەمین راپۆرتی رەوشی مافی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستانی عێراق بۆ ساڵی 2025 بە ناونیشانی (پەرەسەندنێكی نیگەرانكەر و رووداوی ترسناك) بڵاوبكاتەوە".

ئاماژە بەوەکراوە، هەردوو راپۆرت ئاوێنەی رووداوەكانی ساڵی پارە:

1- راپۆرتەکە دەربارەی مافی ئازادی رادەربڕینە كە بۆ یەكەمین جار تۆڕی هاوپەیمانی19 ئامادەی دەكات و چاودێری سەدان ناڕەزایەتی كردووە (خۆپیشاندان، مانگرتن، گردبوونەوە)، تیشكی خستووەتە سەر شێواز و جۆر و شوێنی خۆپیشاندانەكان بە ژمارە و شێوازی مامەڵەی هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و ژمارەی كوژراو بریندار و دەستگیركراوی ئەو چالاكیانە، لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان.

2- راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری 15 ساڵە سەرچاوەی توێژینەوەی دەیان نامەی ماستەرو دكتۆرا بووە لە ناوخۆو دەرەوەی هەرێمی كوردستان، هەروەها سەرچاوەی متمانە پێكراوی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە ئازادی رۆژنامەگەری، رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، یونامی، بڕیاردەرانی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان، وەزارەتەكانی دەرەوەی چەند وڵاتێك وەك ئەمریكا و بەریتانیا و كەنەدا و فەرەنسا و هۆڵەندا بووە. سەرباری گرنگی ناوخۆیی لەلایەن پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان.

سەنتەری میترۆ دەڵێت، "لە 15 ساڵی رابردوو هەندێک بەرپرسی حزبەكانی دەسەڵاتدار، لەبری بیركردنەوەی لە باشكردنی ژینگەی ئازادی رۆژنامەگەری پەنایان برد بۆ دروستكردنی رێكخراوی وابەستە پارەداركردنیان و دەرخستنیان بە ئامانجی تەشویش خستنە سەر رای گشتی لەبارەی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری، بەڵام چونكە واقعەكە درۆ هەڵناگرێت، چونكە ئەو رێكخراوەكاناین دەرهاوێشتەی فەرهەنگی دوو ئیدارەیی شەڕی ناوخۆن کە هەر زوو كاریگەرییان نەما و هەندێكییشیان لە مەجلیسی رۆژنامەنووساندا وەك نوكتەی رۆژ باسیان دەكرێت".

دەشڵێت، "سەنتەری میترۆ بە ئامانجی باشكردنی ژینگەی ئازادی رادەربڕین زیاتر لە 20 راسپاردەی خستووەتە بەردەم حكومەتی ئایندەی هەرێمی كوردستان، لەناویاندا رێزگرتن لە فرەیی، فرەیی راستەقینە، نەك دروستكردنی میدیا و رێكخراو، بەرمهێنانی فرەیی ساختە".


PM:12:36:12/01/2026






ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو