مەزڵوم عەبدی: لەگەڵ دیمەشق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک بۆ راگرتنی تەقە و گواستنەوەی شەڕڤانان و برینداران بۆ رۆژئاوای کوردستان
وێستگەنیوز-
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" رایدەگەیەنێت، دوای نێوەندگیریی لایەنە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ دیمەشق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک بۆ راگرتنی تەقە و گواستنەوەی شەڕڤانان و برینداران لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بەرەو رۆژئاوای کوردستان.
لە راگەیەندراوێکدا مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" رایگەیاند، "لێکتێگەیشتنەکە زامنی چوونە دەرەوەی تەرمی شەهیدان، برینداران، مەدەنییە گەمارۆدراوەکان و شەڕڤانان دەکات لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب بەرەو باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا".
مەزڵوم عەبدی داوا لە لایەنە نێوەندگیرەکان دەکات پابەندی بەڵێنەکانیان بن بۆ راگرتنی پێشێلکارییەکان و "کارکردن بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
ئاماژەی بەوەشدا، "بۆ تێکۆشەرانی بەرخۆدانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و شەهیدەکانیان و هەڤاڵانیان و بنەماڵەکانیان و خەڵکی سڤیل کە بە چەقبەستوویی راوەستاون، رێز و سەرسامی قووڵی خۆمان پێشکەش دەکەین".
لە راگەیەندراوەکەدا مەزڵوم عەبدی وتی، "پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خۆمان، هەروەها کەسوکاری شەهیدان و گەلەکەمان دەکەین و دوعای زوو چاکبوونەوەی بریندارەکان دەکەین".
سێشەممەی رابردوو، سوپای عەرەبیی سوریا هێرشی کردە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئەو گەڕەکانەش کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن، رووبەڕوویان بوونەوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەسەڵاتدارانی خۆجێی و روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، نزیکەی 140 بۆ 180 هەزار کەس ئاوارە بوون و نزیکەی 30 کەس کوژراون و دەیان کەس برینداربوون کە کەسانی مەدەنیشی تێدایە.
AM:09:12:11/01/2026
ئهم بابهته 368
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت