نووسینگەی خانمی یەکەمی عێراق: نیگەرانین بەرامبەر بەو هێرش و گەمارۆ بەردەوامانەی دەخرێنە سەر گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب
وێستگەنیوز-
نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق نیگەرانی دەردەبڕێت بەرامبەر بەو هێرش و گەمارۆ بەردەوامانەی دەخرێنە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لەشاری حەلەب لە سوریا.
لە راگەیەندراوەکەی نووسینگەی خانمی یەکەمی عێراق هاتووە، "ئەوەی ڕوودەدا کارەساتێکی مرۆییە هاوڵاتییانی مەدەنی، لە نێویاندا ژن و منداڵ و بەساڵاچوان و ئەو خێزانانەی بەهۆی کێشمەکێش و زەبرو زۆری چەندین ساڵەوە ئاوارەبوون جارێکی دیکە وا سزا دەدرێن و بۆردوومان دەکرێن، ماڵ و قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکان وێران دەکرێن و بە دەستی ئەنقەست بێبەش ئەکرێن لە ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و چاودێری تەندروستی و خوێندن".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "بەردەوام بەکارهێنانی چەکی قورس و بۆردوومانی هەڕەمەکی و درۆنەکان و تاکتیکەکانی ئابڵوقە خستنە سەر خەلکی سڤیل و دانیشتوانی هەر ناوچەییەک، دەستدرێژییەکی گەورە و ئاشکرایە بۆ سەر یاسا نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی سادەترین بنەما مرۆییەکانە".
نووسینگەی خانمی یەکەمی عێراق دەڵێت، "دەست نەپاراستن لە هاوڵاتییان و رێگری کردن لەگەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، دەبێتە هۆی ئازاری زیاتری منداڵانی بریندار و ژنانی دووگیان و هەموو ئەوانەی پێویستیان بەچاودێریی تەندروستیە".
نوسینگەی خانمی یەکەمی عێراق داوای بەپەلە راگرتنی ئەم تووندوتیژییانە و گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و بژاردەی ئاشتی دەکات لەگەڵ هەڵگرتنی ئابڵوقە و زامنی گەیاندنی بێ ئاستەنگی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هەموو کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان، هەروەها دووپاتی دەکاتەوە، نابێت هاوڵاتییان وەک کارتی فشار بەکار بهێنرێن و باجی ئابلوقە بدەن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "کۆمەڵی نێودەوڵەتیی بەرپرسیارێتییەکی مۆڕاڵی و یاسایی لەئەستۆیە تا کۆمەکی مرۆیی بەپەلە بگەیەنێ و هاوڵاتییان بپارێزێ و لێپێچینەوە لەگەڵ بەرپرسیارانی ئەم دەستدرێژییانە بکات".
PM:11:04:08/01/2026
ئهم بابهته 460
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت