رۆژنامەی "الشرق الاوسط": پارتی و یەكێتی ترسیان هەیە كاندیدەكەیان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار رووبەڕووی سێیەكی پەكخەر ببێتەوە لە پەرلەمان
وێستگەنیوز-
رۆژنامەی "الشرق الاوسط" ئاشکرای دەکات، پارتی و یەكێتی ترسیان هەیە كاندیدەكەیان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار رووبەڕووی سێیەكی پەكخەر ببێتەوە لە پەرلەمان.
لە راپۆرتێکدا رۆژنامەی "الشرق الاوسط" رایگەیانووە، "قورسە هیچ کاندیدێک لە دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بتوانێت پۆستی سەرۆکایەتیی كۆمار بەدەست بهێنێت، بەڵام کاندیدی سازان ئەگەرێكی چاوەڕوانكراوە، ئەگەر هیچ کام لەو دوو کاندیدە کە رۆژی دووشەممە راگەیەندرا (نزار ئامێدی و فوئاد حسێن)، زۆرینەی دوو لەسەر سێی پەرلەمان دەستەبەر نەکەن، ئەوەش پرسێكە پێشتر هێزە سیاسییەکان لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021دا شكستیان هێنا تیایدا".
سەرچاوەیەک بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، "کاندیدکردنی نزار ئامێدی لەلایەن یەکێتی و فوئاد حسێن لەلایەن پارتییەوە، رەنگه بۆ تاقیکردنەوەی كاردانەوەكانی بەرامبەربێت بێت بەر لە كۆبوونەوەكەی كە بڕیار بووە ئێوارەی دوێنێ له نێوان هۆشیار زێباری سەركردەی دیاری پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی يەکێتی بەڕێوەبچێت، ئامانجی کۆبوونەوەکە بۆ گەیشتنە بە کۆدەنگی لەسەر یەک کاندید، نەک دوو کاندید كە رەنگە هەردووكیان بە ئەگەرێکی زۆرەوە رووبەڕووی سێیەكی پەكخەر ببنەوە لە پەرلەمان، ئەگەر هیچ کام لە کاندیدەکان پشتگیری پێویست بەدەستنەهێنن".
سەرچاوەکە وتویەتی، "ئەو کۆبوونەوە دووقۆڵییە، دەكرێت رێككەوتنێكی قبوڵكراوی بۆ هەردوولا لێبكەوێتەوە، ئەم سازانەش بریتی دەبێت لە رێککەوتن لەسەر کاندیدێک لە دەرەوەی سەرکردایەتی هەردوو حزبەكە، لە بەرامبەردا پەیوەندیی نێوان هەردوولا رێکدەخرێتەوە سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکان، چ لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چ لە بەغدا، بە شێوەیەک ئەم سازانە لەبەرچاو بگیرێت، بە تایبەت دوای ئەوەی یەکێتی نیازپاکی نیشاندا بە دەنگدانی ئەندامەکانی بە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان".
AM:11:04:06/01/2026
ئهم بابهته 728
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت