شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: هیوادارم بەزووترین كات حكومەتی هەرێم پێكبهێنرێت و كێشەی كورد چارەسەربێت
وێستگەنیوز-
خانمی یەکەمی عێراق پەیامی پیرۆزبایی ساڵی نوێی بڵاوکردەوە و هیوای خواست شانبەشانی عێراق لە هەرێمی كوردستانیش بەزووترین كات حكومەت و پەرلەمان پێكبهێنرین و كێشەكانی كورد لە توركیا و سوریا و ئێران چارەسەر بكرێن.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق له پەیامی پیرۆزبایی ساڵی نوێ 2026 دەڵێت، "لەگەڵ ئەوەی لە عێراق بەرەو پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ هەنگاو ئەنێین، بەڵام بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵمان بە بێ حکومەتی نوێ و پەرلەمانی نوێ تێپەڕاند".
وتيشى، "تەمەننا ئەکەم تەمەنی ئەم بێ پەرلەمانی و بێ حکومەتییە لە هەرێمى كوردستان بەزوویی کۆتایی بێت و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی هەرێم نەمێنن".
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، "باسی لەوەشكرد لە خوا ئەپاڕێمەوە خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان، کە داعشیان وەک گەورەترین دوژمنی مرۆڤایەتی تێکشکاند، لەساڵی نوێدا بە سەربەرزی و بە ئارامی و ئاشتی لەگەڵ هەموو گەلانی ئەو وڵاتە بژین.
ئاماژەشیكردووە، "هەروەها هیوادارم گەلانی ئێران و بەتایبەت خوشک و براکانم لە رۆژهەڵات لەو هەموو میحنەتەی تێی کەوتوون بەتایبەت میحنەتی گرانی و باری سەختی ئابوری و دژواری ژیان ، رزگار ببن".
لە پەیامەكەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هاتووە، "بە ئومێد و هیوایەکی زۆرەوە ئەڕوانمە دەستپێکی ساڵێکی نوێ و بەگەرمی پیرۆبایی لە هەموو گەلانی عێراق ئەکەم، ساڵی 2025 مان بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانەوە بەڕێکرد و ناچینە ساڵی نوێوە ئەگەر درود بۆ قوربانییەکانمان نەنێرین".
دەشڵێت، "لە بەردەم ساڵی نوێدا، هێشتا دڵم لای لێقەوماوانی کارەساتە سروشتییەکەی چەمچەماڵە و هیوادارم لە 2026دا کەمێک لە خەم و ئازاریان بڕەوێتەوە".
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد نووسیوێتی، "بەداخەوە ئەم یەک دوو ساڵە شەڕێکی نەگریس بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە و لە ئەنجامدا هەزاران منداڵ لە غەزە و لە رۆژئاوای کوردستان و زۆر شوێنی تر ، شەهید یان بریندار، یان بێ خانە و لانە بوون، ناکرێ دڵمان لای ئەو منداڵانەش نەبێت و ئومێدی ئەوە نەخوازین کە ئەمساڵە نوێیە، مژدەی ئارامی و ئاسودەیی بۆ ئەوان و بۆ هەموو جیهان و نەتەوەکانی تر پێ بێت".
خانمی یەکەمی عێراق لە كۆتایی پەیامەكەیدا ئاواتە خوازە، "بۆ ساڵی نوێ هیوام وایە خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ئاسودەیی روو لە وڵاتەکەمان بکات و هەمووان بە ئاشتی بژین و جارێکیتر هاتنی ساڵی نوێ پیرۆز بێت".
PM:01:31:01/01/2026
ئهم بابهته 124
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت