تۆمەتبارێك لە سەیدسادق بە 800 هەزار دیناری ساختەكراوەوە دەستگیر كرا
وێستگەنیوز-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارێکى راگەیاند بەتۆمەتی ساغکردنەوەی دراوی ساختە لەجۆری 50 هەزار دیناری.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بە بەشی نەهێشتنی تاوانی بەرێوەبەرایەتیمان تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بڕی 800 هەزار دیناری عێراقی پارەی ساختەکراو (تەزویر)ی پێ بووە".
روونیشیكردەوە، "پارە ساختەكراوەكان لەجۆری 50 هەزار دیناری بووه و ویستویەتی لەناو بازاڕی قەزای سەیدسادقدا ساغی بکاتەوە و توانرا دەستبگیرێت بەسەر پارە ساختەکراوەکەدا".
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی كردووە، "بەبڕیاری دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە رێکخراوە و لەئێستادا تۆمەتبار بەناوی (ڕ، ع، ص) تەمەن (29) ساڵ بەپێی مادەی (281) لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە".
PM:01:03:01/01/2026
ئهم بابهته 76
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت