کامەران عوسمان: سوپای پاسدارانی ئێران پەرژینی دیواربەندی هەستیار لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دروستدەکات
وێستگەنیوز-
ئەندامێکی رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی رایدەگەیەنێت، سوپای پاسدارانی ئێران، بەدرێژای نزیکەی 600 کیلۆمەتر پەرژینی دیواربەندی هەستیار لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دروستدەکات.
ئەمڕۆ شەممە 27ی کانونی یەکەمی 2025، کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، "لەدوای 24ی حوزەیرانی 2025 و کۆتایی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران - ئیسرائیل، سوپای پاسدارانی ئێران دەستیکردووە بە دروستکردنی پەرژینی دیواربەندی هەستیار بە جۆرێک بەرزی دیوارەکە سێ مەترە و ئامێری هەستیاری ئەمنی ئاگادارکردنەوە بە درێژایی دێوارەکە جێگیریکراون".
ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەم پەرژینە بە قوڵایی نزیکەی دوو کیلۆمەتر و بەدرێژایی نزیکەی 600 کیلۆمەتر لە "چیای کێلەشین” لە سنووری قەزای سیدەکان تادەگات بە گوندی "چەم چەقەڵ” لە سنووری گەرمیان و لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بنیاتدەندرێت و بەشێک لە کەرەستەی بیناسازی ئەو دیوارەش لە هەڵکۆڵینی شاخەکانی هەرێمی کوردستان دابیندەکرێت".
کامەران عوسمان دەڵێت، "لەئێستادا، بەشێکی دیوارەکە لەسەر سنوری سەیران بەن و لە پشتی گوندەکانی بەهێ و شیوەگوێزان تادەگات بەگوندی مەران لەسەر سنوری پێنجوێن - ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواو بووە و بەشێکی تری دیوارەکە لە سنوری قەزای پشدەر تەواو بووە و ڕۆژانە کارکردن تیایدا بەردەوامە".
دەشڵێت، "ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران، (151) بارەگای سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە و بنیاتنانی ئەو دیوارە و بەستنەوەیان بە بارەگا سەربازییەکان، مەترسی بۆسەر گیانی گوندنشینان و جوتیاران و هاوڵاتییانی مەدەنی نیشتەجێی سەر سنورەکان دروست دەکات".
ئەوەشی خستەڕوو، "داگیرکردنی چیا و پێدەشتەکانی پشتی ئەو دیواربەندە، بەتەواوی دەبێتە دیفاکتۆ و ئەو ناوچانە دەچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێران. دەبێتە هۆی شەپۆلێکی تری کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ ناو شارەکان و لاوازکردنی کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، سەرباری هەموو ئەمانەش، پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان ناهێڵێت و دەبێتە هۆی لێکهەڵبرانی کوردانی ئەم دوو پارچەیەی کوردستان".
PM:05:06:27/12/2025
ئهم بابهته 308
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت