بزووتنەوەی گۆڕان: چاوەڕوانی بڕیاری کۆمسیۆنین بۆ دیاریکردنی کاتی کۆنفرانس
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 27ی کانونی یەکەمی 2025، جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتی، دوایین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە ساڵی 2025 ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، لە سەرەتادا کامیل شێخ قادر، سکرتێری جڤاتیی نیشتمانی دەسپێکی کۆبوونەوەکەی راگەیاند و ئەجێندای کار و تەوەرە سەرەکییەکانی خستەڕوو، دواتر ڕێکخەری گشتی لە وتەیەکدا تیشکی خستەسەر پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانیان لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان.
وەک ئاماژەی پێکراوە، کۆبوونەوەکە هەڵوەستەی لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کردەوە:
یەکەم/ پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، بە پێویست زانرا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور رێکبخرێنەوە، کێشە بنەڕەتیەکان بەتایبەت پرسی مادەی 140 و خاک، کەرتی وزە، سیستەمی بەرگری و بەرکەوتەی کورد لەناویاندا چارەسەری ڕیشەییان بۆ بدۆزرێتەوە، لەبارەی قەیرانی دارایی و کێشەی بێ مووچەیی فەرمانبەران جەختکرایەوە لە دۆزینەوەی ڕێچارەی واقعی، بە شێوەیەک چیتر بژێوی هاونیشتمانیان نەکرێتە قوربانی ململانێی سیاسیی و زاڵکردنی هەژمونی حزبی بەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان .
دووەم/ دۆخی سیاسیی هەرێم، ساڵێک و دوو مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، نادیدەگرتنی ئیرادەی دەنگدەران و خەمساردی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی وزاری مایەی ڕەخنە و بێزاریی و بێمتمانەیی فراوانیی هاوڵاتیانە لەناوخۆدا، هاوکاتیش مانای لاوازی هەرێم و ڕێزنەگرتن لە دامەزراوەکان و ڕەوایەتی سیاسییە لەسەر ئاستی قەوارە سیاسیەکە، هەربۆیە بزووتنەوەی گۆڕان لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ رێکخستنەوەی بونیادی سیاسەتی خۆی بە ئاراستەی بەشدار لە ژیانی سیاسی بە گڕو تەوژمێکی نوێوە، ڕۆڵی هەبێ لە دروستکردنی کۆدەنگی ناوخۆیی و سەقامگیری سیاسیی.
سێهەم/ دۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەکە، رێکخەری گشتی سوپاسی ئەندامانی جڤات، سەرپەرشتیارەکان و هەڵسوڕاوانی کرد کە سەرەڕای کێشە و قەیرانەکان، توانیویانە لەم ساڵەدا شێوازێکی نوێ لە کاری ڕێکخستنەوە بۆ ئۆرگانەکان پەیڕەو بکەن و دوو کۆنفرانس و دیداری گۆڕانخوازان ئەنجام بدەن. بۆ هەنگاوەکانی داهاتووش، بزووتنەوەکە چاوەڕوانی بڕیارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانە، بۆ بڕیاردان لەسەر کۆنفرانس و چارەسەری کاربڕ بۆ کێشە سیاسی و رێکخراوەییەکان.
PM:04:39:27/12/2025
ئهم بابهته 324
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت