"وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێم ناعه‌داله‌تی كردووه له دابه‌شكردنی پزیشكانی پسپۆڕ"
وێستگه‌نیوز –
بڕیارێكی وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان له باره‌ی دابه‌شكردنی پزیشكانی پسپۆڕ ده‌بێته جێگای ره‌خنه‌ی به‌شێك له چاودێرانی ته‌ندروستی به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی ناعه‌داله‌تی كردووه له دابه‌شكردنی پزیشكانی پسپۆڕ به‌سه‌ر ناوچه جیاوازه‌كاندا.
به‌گوێره‌ی نووسراوێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست وێستگه‌نیوز كه‌وتووه، رۆژی 2025/12/14 وه‌زیری ته‌ندروستی فه‌رمانێكی ده‌ركردووه سه‌باره‌ت به دابه‌شكردنی پزیشكانی پسپۆڕ به‌سه‌ر ناوچه جیاوازه‌كاندا.
به گوێره‌ی فه‌رمانه‌كه‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی، ئیداره‌ی سۆران زۆرترین پزیشكی به‌ركه‌وتووه و ئیداره‌ی زاخۆ كه‌مترین.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌وباره‌وه رایگه‌یاند كه ژماره‌ی ئه‌و پزیشكانه‌ی به‌پێی فه‌رمانه‌كه ره‌وانه‌ی ئیداره‌ی سۆران كراون 49 پزیشكن، له به‌رامبه‌ردا ئیداره‌ی زاخۆ كه‌مترین پزیشكی پسپۆڕی بۆ ته‌رخانكراوه كه ته‌نها (6 پزیشكه).
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ده‌ڵێت: "ئه‌م جیاكارییه‌ی وه‌زیر له كاتێكدایه كه ئیداره‌ی سۆران به‌راورد به ناوچه‌كانی دیكه ژماره‌ی دانیشتوانی هێنده زیاتر نییه".
به گوێره‌ی به‌شێك له چاودێران له‌م دابه‌شكارییه‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی "ئه‌وه‌نده‌ی ره‌چاوی ناوچه‌گه‌رێتی و حیزبایه‌تی كردووه، هێنده یه‌كسانی و پێداویستی ناوچه‌كانی له‌به‌رچاو نه‌گرتووه".
PM:11:26:26/12/2025
ئه‌م بابه‌ته 496
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت