پارێزگاری هەولێر: بۆ سەری ساڵ پێشبینی هاتنی گەشتیارێکی زۆر دەکەین
وێستگەنیوز-
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، سەرجەم ئامادەکارییە کارگێڕی و ئەمنییەکان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران بۆ جەژنەکانی سەری ساڵدا تەواوکراون، ئاماژە بەوەشدەکات، پێشبینی هاتنی گەشتیارێکی زۆر دەکەین.
ئەمشەو شەممە 20ی کانونی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "سەرجەم ئامادەکارییە کارگێڕی و ئەمنییەکان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران بۆ جەژنەکانی سەری ساڵ تەواو کراون".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەهۆی ئەو ئاسانکارییانەی لە بازگەکان دابینکراون، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵدا ژمارەیەکی پێوانەیی لە گەشتیاران ڕوو لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بکەن".
ئومێد خۆشناو وتی، "هەماهەنگییەکی ئاستبەرز لە نێوان دامودەزگاکانی حکومەت و دەزگا ئەمنییەکاندا هەیە بۆ داڕشتنی پلانێکی گشتگیر، بەپێی ئەو بەرنامەیەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار و ئاسایشی بازگەکان دانراوە، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاوڵاتییانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت تا بتوانن بە بێ گرفت بگەنە ناو شارەکە".
PM:08:01:20/12/2025
ئهم بابهته 220
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت