کۆمپانیای سۆمۆ: رێککەوتنی نەوتی هەولێر و بەغدا نوێ دەکرێتەوە
وێستگەنیوز-
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ رایدەگەیەنێت، رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا هیچ کێشەیەکی نییە و نوێ دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 20ی کانونی یەکەمی 2025، د. حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لەبارەی رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆتاییهاتنی کاتەکەی لە کۆتایی ئەم مانگەدا بە رووداوی رایگەیاند، "رێککەوتنەکە نوێ دەکرێتەوە و هیچ کێشەیەکی تێدانییە، نەوتی هەرێمی کوردستان هەر وەک خۆی دەڕوات".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئێستا هەناردەکردن رۆژانە 200 هەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە و پشتیوان بەخوا بڕی هەناردەکراو زیاتریش دەبێت".
پێشتر د. حەمدی شنگالی باسی لەوەکردبوو، "رێککەوتنەکە بۆ سێ مانگ دیاریکراوە و لە 31ی کانونی یەکەم کۆتایی دێت، بەڵام بەپێی یاسای بودجە و بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامی، دواتر نوێ دەکرێتەوە تاوەکو کێشەکان بە تەواوی چارەسەر دەبن".
باسی لەوەشکردبوو، "ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستان لە پێشابوور رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێت، ئەوانیش لە رێگەی بۆرییەوە نەوتەکە دەگەیێننە بەندەری جیهان".
حەمدی شنگالی دەڵێت، "گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازن لە گرێبەستەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، چونکە لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستاندا کۆمپانیا خۆی پارە خەرجدەکات بۆ گەڕان و بەرهەمهێنان و دواتر قازانجی خۆی وەردەگرێت، بەڵام لە باشووری عێراق حکومەت پارە خەرج دەکات".
دەشڵێت، "تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرزترە، چونکە ناوچەکە شاخاوییە و کێڵگەکان دژوارترن، بۆیە ئەو 16 دۆلارەی بۆ هەر بەرمیلێک دیاریکراوە، بۆ دابینکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیە".
PM:05:41:20/12/2025
ئهم بابهته 380
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت