سکرتێرێکی وەزیری پێشمەرگە: هێزێکی یەکێتی لە هەولێر ئەشکەنجەیاندام


وێستگه‌نیوز- رووداو


میران بەکر، سکرتێری وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێزێکی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی یەکێتی" لە شاری هەولێر دەستبەسەریان کردووە و ئەشکەنجەیان داوە و سووکایەتییان پێکردووە و دواتر گوتوویانە هەڵەبوون. پارێزگاری هەولێر دەڵێ، بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەن.
 
میران بەکر، سکرتێری وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیک کاژێر 10:30ـی شەوی رابردوو لە ماڵی شەهیدان بووم، نزیک مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر، لەکاتی گەڕانەوەدا لەیزەرێکی بەهێزی سەوزیان لە ئۆتۆمبێلەکەم گرت و منیش تەنیا گوتم لایبەن، لەپڕ سێ ئۆتۆمبێل دەوریان گرتم و تورەکەیان کردە سەرم".
 
بەگوتەی میران بەکر، "هێزەکە بەبێ لێپرسینەوە تاوەکو توانایان هەبوو سووکایەتییان پێکردم؛ جنێوی زۆریاندا و لێیاندام. چەند کەسێکیان دەناسم و ئەو ئاسایشانە نین کە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتین لە هەولێر، بەڵکو هێزی دژەتیرۆر[ـی سلێمانی]یان ئۆپەراسیۆنی ئاسایش{ـی سلێمانی}ن کە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتین لە هەولێر، چونکە ئەو هێزەی لە بنەڕەتدا لەوێن دەیانناسم و کاری وا ناکەن".
 
سکرتێری وەزیری پێشمەرگە گوتی: "دوای سووکایەتی و لێدانی زۆر، هێزەکە پێیان گوتم هەڵەمان کردووە و هەڵەتێگەیشتن روویداوە، بەڵام پێمگوتن ئێوە بێتاوانن و دەزانم ئاراستە کراون".
 
بە گوتەی میران بەکر، ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەری خۆشیان نیگەران بوون و دەشڵێت: "من مەکتەبی سیاسی و ئەو سنوورەم بە ماڵی خۆم زانیوە، ئەگینا هیچ کاتێک بەبێ چەک ناسووڕێمەوە".
 
بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت: "بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەین و بزانین چی روویداوە".
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێریش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاک میران هیچ لایەنێکی فەرمی لە ئاسایش و پۆلیس ئاگادار نەکردووەتەوە. بابەتەکە پەیوەندی بە هێزێکی ئەمنیی هەولێرەوە نییە و زیاتر لەنێو [یەکێتی] خۆیانە".
 
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەک لایەنی فەرمیی لێکۆڵینەوەی خۆیان لە رووداوەکە دەکەن.
 
میران بەکر تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی سکرتێری رۆژنامەوانی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانە، بەڵام بەهۆی هەندێک "کێشەی تایبەت"ـی خۆیەوە ماوەیەکە دەوام ناکات.


AM:10:54:20/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت