هاتووچۆ لە دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت رادەگیرێت


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت ئاگاداریی گەشتیاران و هاوڵاتییانی ئیدارەی سۆران دەکاتەوە کە هاتووچۆ لە دەروازەکە رادەگیرێت.


بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت رایگەیاند، "بەمەبەستی ئەنجامدانی کارکردن و چاکسازی لە رێگاوبانەکان، سبەی هەینی 19ی کانونی یەکەمی 2025، جووڵەی گەشتیاری و هاتووچۆ لە دەروازەکە بەشێوەیەکی کاتی رادەگیرێت و تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستپێناکاتەوە".

ئاماژە بەوەکراوە، "راگرتنی گەشتکردن تەنیا بۆ ماوەی یەک ڕۆژ دەبێت، کە دەکاتە سبەی هەینی، بەڵام بە کردەیی دەروازەکە تا رۆژی دووشەممە 22ی مانگ بە ڕووی گەشتیاراندا ناکرێتەوە".

بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ بوونی کارکردن لە شەقام و رێگاوبانەکانی دەروازەکە لە دیوی تورکیا گەڕاندووەتەوە و دڵنیاییشی داوە کە هیچ گرفتێکی تەکنیکی یان ئیدارەیی لە دیوی هەرێمی کوردستان (دەروازەی زێت) نییە و ڕێکارەکە تەنیا پەیوەستە بە لایەنی بەرانبەرەوە.

دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر و وەک خاڵێکی ستراتیژی، هەرێمی کوردستان بە باکووری کوردستان و تورکیا دەبەستێتەوە.


PM:09:47:18/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت