پەیامی بەرپرسانی هەرێم لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا
وێستگەنیوز-
بەبڕیاری پەرلەمانی كوردستان هەموو ساڵێك رێكەوتی (17)ی كانونی یەكەم دیاریكراوە بەڕۆژی (ئاڵای كوردستان)، بەم بۆنەیەوە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە ئەم رۆژە بەرز رادەگرن و پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی خەڵكی كوردستان دەكەن.
مەسعود بارزانی
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە پەیامێکدا نووسیویەتی، "ئاڵای کوردستان هێما و سیمبوڵێکی پیرۆزی گەلەکەمانە و هەڵگری پەیام و خەون و ئاواتی هەموو کوردستانیانە، رۆژی ئاڵا لە کوردستانیانی ئازیز پیرۆز بێت".
نێچیرڤان بارزانی
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا دەلێت، "ئاڵای کوردستان نیشانەی خۆڕاگریی گەلەکەمانە، ئەم ئاڵایە هەموومان کۆدەکاتەوە، لەژێر سێبەری ئەم ئاڵایە دەبێت هەموو پێکەوە کاربکەین بۆ کوردستانێکی سەقامگیر".
مەسرور بارزانی
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی مەراسیمێکدا لە شاری هەولێر بەبۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستانەوە وێڕای پیرۆزبایی رایگەیاند، "ئاڵای کوردستان، هێما و سیمبولی گەلەكەمانە، هێما و سیمبولی خۆڕاگری و قوربانیدانی بێوچانی گەلەكەمان و هێمای ئاشتی و ئاوەدانی و پێكەوەژیانە، هێمای بەردەوامیی ژیان و هێمای وزە و هێزە".
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، "ئێستا لەژێر سایەی ئەم ئاڵایە پیرۆزە بەرەو كوردستانێكی ئاوەدان و ئارام و سەقامگیر، دەست لەناو دەستی یەكتر، هەنگاو دەنێین ، بۆیە بەرز و شەكاوە بێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان".
قوباد تاڵەبانی
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا وتی، "ئەمڕۆ رۆژی ئاڵای کوردستانە، بەڵام بۆ من هەموو رۆژێک رۆژی ئاڵای کوردستانە".
بافڵ تاڵەبانی
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "ئاڵاکەمان ناسنامەمانە، هێمای مانەوە و قوربانیدان و خۆڕاگریمانە، ئێمە بە رۆحی خۆمان پارێزگاری لێدەکەین، ئەمڕۆ بە رێزەوە یادی هەموو ئەو شەهیدانەمان دەکەینەوە کە لەپێناو سەرفرازی و شەکاوەیی ئاڵاکەماندا شەهیدبوون".
ئاماژەی بەوەکرد، "لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا ئەوە بیر دەهێنمەوە پێویستە هەموومان جیاوازییەکان قبوڵ بکەین و کار بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بکەین، بەرز و پیرۆزبێت رۆژی ئاڵای کوردستان".
پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا لە پەیامێکدا رایگەیاند، "له رۆژی ئاڵای کوردستان، قهتره خوێنهکانی سهر ئاڵا ماچ دهکهین، لهو ڕۆژهدا، له بهردهم سهد ساڵهی بهرز ڕاگرتنی شکۆی ئهو ئاڵایه دهوستین و سهر دادهگرین بۆ گهورهیی و پیرۆزی ئهو ئاڵایه".
ئاماژەی بەوەشدا، "لهو ڕۆژهدا، پڕ به ههناسهی سینگمان، لهپێناو ئاڵا ههناسه دهدهین، لهو ڕۆژهدا، له پێناو ئاڵا پڕ به چاومان سهیری ئاسمان دهکهین، هەوروەها لهو ڕۆژهدا، پڕ به گهرومان سرودی ئاڵاو ئازادی و ئازایهتی بۆ پێشمهرگه دهڵێین".
پارێزگاری دهۆک
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە رۆژی ئاڵادا وتارێکی پێشکەشکرد و وتی، "وەک تاکێکی کورد پێمان باشە هەموو رۆژێک ئاڵای کوردستان بەرزبکرێتەوە، چونکە هێمای ئێمەیە و ئاڵای کوردستان لای ئێمە پیرۆزە، چونکە نیشانەی هەبوونی کوردە".
پارێزگاری سلێمانی
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە رۆژی ئاڵادا رایگەیاند، "ئومێد دەکەین چۆن مێژوومان و قوربانییەکانمان و رەسەنایەتی و چارەنووس و زمان و فەرهەنگ و کولتوورمان یەکمان دەخات، ئاواش ئاڵای بەرز و پیرۆزی کوردستان بتوانێت رێکمان بخات و پێشمان بخات".
PM:02:22:17/12/2025
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت