فراکسیۆنی یەکگرتوو مەرج و میکانیزم بۆ لیژنەی قەرەبووی زیانلێكەوتووانی چەمچەماڵ دەستنیشان دەكات
وێستگهنیوز –
فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان یاداشتێكیان بڵاوكردەوە و تێیدا مەرج و میکانیزميان بۆ لیژنەی قەرەبووی زیانلێكەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دەستنیشان كردووه.
لە یاداشتەكەی فراكسیۆنی یەكگرتوودا هاتووە، "پێویستە سەرۆکی لیژنەى قەرەبووكه لە رووی پیشەیی و پسپۆڕییەوە خاوەنی لێهاتن بێت و ئەندامانی لیژنە پێویستە خاوەنی نەزاهەتبن و شاهێدی هەڵسوکەوت و تۆماری پاکیان بۆ بدرێت نەک خاوەن بەرژەوەندی و دژبەری کەسانیتر".
ئاماژەشیكرد، "پێویستە لیژنەکە نوێنەرایەتی هەمووانی تێدا بێت و بێلایەنانە کارەکانی ئەنجام بدات و گرنگە نوێنەری حکومەت و پەرلەمان وەکو چاودێر و کارئاسانکار هەبێت نەک دەنگدەر و بڕیاردەر".
فراكسیۆنی یەكگرتوو داواشيكردووه، "پێوەرەکانی ئەندامێتی لیژنەکە زانراو و ناوەکانیش دیاربن بۆ خەڵکی، تاوەکو گەرەنتی لێپرسینەوە هەبێت لەباری بوونی کەلێندا و پێوەرەکانی قەرەبووش بڵاوبکرێنەوە تاوەکو داداپەروەریی رەچاو بکرێت".
دامەزراندنی وردبینکارێکی دارایييشى بەپێویست زانیوە بۆ پێداچوونەوەی گشتیی داهاتی هاتوو لەگەڵ مەسروفات و بڵاوکردنەوەی راپۆرتی دارایی ئاشکرا و پێوەرەکانی قەرەبوو روون و بابەتیی بن و سیستمێکی راگەیەنراوی نووسراو هەبێت بۆ دەستنیشانکردنی بەها و نرخی قەرەبووەکە، پشتئەستوور بە بنەمای بابەتی، نموونەی سیستمی خاڵبەندی.
روونیشكراوەتەوە، "دەبێت رێوشوێنێکی ئەندازیارییانەی ورد و دوکیۆمێنتکراو بەردەست بێت بۆ هەموو زیانەکان پێش سەرفکردنی هیچ قەرەبوویەک".
فراكسیۆنی یەكگرتوو نوسیوێتی، چەند تێبینییەک کە گرنگە بەهەند وەرگیرێن:
یەکەم: ئەم هاوکارییانە تەنها بۆ هاوڵاتیان بێت، ئەو زیانانەی بەر دامودەزگاکانی حکومەت کەوتووە، پێویستە حکومەت بودجەی تایبەتی بۆ دابین بکات ...
دووەم: کۆی قەرەبوو بخەمەڵێنرێت و چەندی کەمە حکومەت پڕیکاتەوە و چەندی زیادە بکرێتە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە تایبەت بۆ ڕێگری لە دووبارە بوونەوەی لافاو...
سێیەم: داواکاری گشتی وەک چاودێر لە لیژنەکان بوونیان هەبێت..
چوارەم: پێویستە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی تەندروستی پلانیان هەبێت بۆ خولی دەروونی و کۆمەڵایەتیی ئەوانەی بەرکەوتەی ڕاستەوخۆ بوون.
پێنجەم: پێویستە حکومەت هەنگاو بەرەو جێبەجێکردنی یاساکان بنێت ، بەداخەوە لەم بارەوە یاسای ژمارە 15 ی ساڵی 1993 ، یاسای هەیڤی سووری کوردستانی ، 32 ساڵە دەرچووە و تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردن .
PM:01:50:16/12/2025
ئهم بابهته 80
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت