پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە


وێستگەنیوز-

بڕیارە سبەی سێشەممە هەردوو شاندنی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان کۆببنەوە.


بەگوێرەی میدیاكانی پارتی، "کۆبوونەوەکە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت و تێیدا باسی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەنگی کورد لە بەغدا و بەرکەوتەکانی دەکرێت".

بەپێی زانیارییەكانی میدیاكانی پارتی، شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامێتیی رێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دەرباز کۆسرەت، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانە.

شاندی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامێتیی پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییە.

پێشتر سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا لە هەولێر، لەبارەی دانوستاندنی شاندی دانوستاندنکاری پارتی و حیزبەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەت، رایگەیاند، ''ئەوەی کە من لە هەردوولا دەیبینم، جۆرێک لە گەشبینی هەیە.''

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەو کۆبوونەوەیەی کە لەنێوان پارتی و یەکێتی دەکرێ، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کۆبوونەوەیان دەبێت.


PM:03:00:15/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت