"داوا له ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەكەین بە فەرمی چەمچەماڵ وەک ناوچەی لێقەوماو بناسێنێت"


وێستگه‌نیوز-

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی داوا له ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەكات، زیاتر دوانەکەوێت و کۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجام بدات و بە فەرمی چەمچەماڵ وەک "ناوچەی لێقەوماو" بناسێنێت و بودجەی بەپەلەی بۆ تەرخان بکات.


فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "بە داخەوە لە چەند رۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی لافاو قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری گرتەوە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو هاوڵاتی و دەیان قوربانی تر و مەترسیی خستە سەر ژیانی سەدان کەس و زیانێکی ماددیی گەورەشی بە ماڵ و سامانی هاوڵاتیان و حکومەت گەیاندووە".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "ئێمە لە فیدراسیۆنی رێکخراوەکان، بە وردی چاودێری بارودۆخەکەمان کرد کە بەداخەوە ئەوەی چەندین ساڵە هاواری بۆ دەکەین لافاوەکە هەمووی پشتڕاست کردەوە، جگە لەوەی خزمەتگوزاریی سەرەتایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کارەسات و حاڵەتی لەناکاو بوونی نەبوو، هەروەها هیچ جۆرە ئامێرێکی سەرەتایی پێویستیش لای بەرگری شارستانی و شارەوانی نەبوو، نە لە کاتی رووداوەکە، نە لە کاتی لابردنی پاشماوەکانی و رزگارکردنی هاوڵاتیان و هەڵمەتەکانی پاککردنەوە".

بەپێی راگەیەندراوەكە، "ئاشکرایە، ئەم ناوچەیە خاوەنی گەورەترین یەدەگی غازی سروشتییە لە عێراق و غازیش بۆ هەموو عێراق و هەرێمی کوردستانیش دابین دەکات، کەچی لە کاتێکی وەهادا لە سادەترین خزمەتگوزاری بێبەشە، ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی زۆری خەڵکی زیانلێکەوتووی ئەم ناوچەیە، کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوانن کە پشکی شێریان لە قوربانییەکانی ئەم میللەتە بەر دەکەوێت".

رونیشیان كردەوە، "ئێمە لە فیدراسیۆنی رێکخراوەکان، بە گرنگییەوە روانیمانە سەردانی مەیدانی جێگری سەرۆکی حکومەت و بەڵێنەکانی دەربارەی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا و گەڕاندنەوەی بە پەلەی ژیانی ئاسایی و دابەشکردنی هاوکارییەکان لە یەک سەرچاوەوە، بەڵام بەداخەوە، ئەوەی لەسەر زەوی دەبینرێت پێچەوانەکەیەتی، پرۆسەی گەیاندنی هاوکارییەکان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ململانێی حیزبی و بانگەشەی سیاسییەوە، لەبری هەنگاوی دامەزراوەیی و حکومی، بەرپرسان و لایەنەکان بە شێوەیەکی پەرشوبڵاو و بۆ مەرامی "خۆدەرخستن" هاوکاری دابەش دەکەن، کە ئەمەش کاریگەریی راستەقینەی نەبووە لەسەر خێرا کەمکردنەوەی رێژەی کارەساتەکە، بەڵکوو دیسان رووماڵ میدیا حیزبی و بەناو سەربەخۆکان، کەوتە چوارچێوەی بێڕێزیکردن بە ئازاری خەڵکەکە، ئەمەش دووپاتی پوکانەوەی دامەزراوەکانە و ئەو راستییە تاڵە زیاتر چەسپا کە لەبەردەم نەمانی یەکجاری دامەزراوە گشتییەکانین، تەنانەت حیزب، میدیاکانی خۆی و لایەنە حکومییەکانی خستووەتە خزمەت گەورەکردن و بە پاڵەوان نیشاندانی کۆمپانیا و رێکخراوی حیزبی و میدیایی نزیک لە خۆی".

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، داوا دەكات:

-ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، زیاتر دوانەکەوێت و کۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجام بدات و بە فەرمی چەمچەماڵ وەک "ناوچەی لێقەوماو" بناسێنێت و بودجەی بەپەلەی بۆ تەرخان بکات.

-دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان پابەند ببن بە بەڵێنەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت، سەبارەت بە ئەرکەکانی لیژنەی باڵای حکومەت و دانانی یەک سندووقی کۆمەک کە هەموو هاوکارییەکان لە خۆ بگرێت.

-ژووری "ئۆپەراسیۆنی هاوبەش" بە کرداری سەرپەرشتی هەموو هاوکارییەکان (حکومی، رێکخراوەیی، خێرخوازان) بکات و بە پلانێکی دادپەروەرانە دابەشی بکات.

-داوا لە هێزە سیاسییەکان و کەناڵەکانی راگەیاندن دەکەین، لەوە زیاتر کارەساتی مرۆیی چەمچەماڵ نەکەنە کەرەستەی موزایەدەی سیاسی و تۆڵەکردنەوەی لە یەکتر.

-داواکاری گشتی، بۆ دەرخستنی هۆکارەکانی روودانی ئەم لافاوە و تێکدانی ژینگەی ناوچەکە، دەست بە لێکۆڵینەوە بکات و هەستیت بە دادگا گەیاندنی هەر کەسێک کە تۆمەتبار دەکرێت، بە پشکداری لە هۆکاری ئەم کارەساتە، لە هەر پلە و پێگەیەکی حوکمی و حیزبیدا بێت.


PM:01:40:13/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو