عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک: رووداوی تەقەکردنەکەی چەمچەماڵ دوور و نزیک پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە
وێستگهنیوز –
عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک فەرماندەی سەربازی پارتی ديموكراتى كوردستان رایدەگەیەنێت، رووداوی تەقەکردنەکەی چەمچەماڵ دوور و نزیک پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە.
عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "ئەمڕۆ لە شاری چەمچەماڵ شەڕ لە نێوان تیمێکی هێزەکانی ئاسایش و دوو پێشمەرگەی فەوجێکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە روویدا کە زیاتر بە فەوجی من ناو دەبرێت و بەداخەوە دوو کارمەندی ئاسایش بریندار بوون".
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "عەتا محەمەد بەرپرسی نوسینگە و نوێنەری قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو پێشمەرگانە لای عەبدوڵای کوێخا موبارەکن و بە شێوەی پیلانگێڕی ویستویانە ئاژاوە دروست بکەن".
عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک دەڵێت، "هیوادارم مەبەست لەو قسانە تۆمەت دروستکردن و ناو زڕاندن نەبووبێت و ئەو بابەتە دوور و نزیک هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نیە، هەروها میدیاکانی پارتی دەڵێن کێشەی کۆنی کۆمەڵایەتیە".
روونیشیكردەوە، "راستی بابەتەکە ئەوەیە کێشەکە نە پیلانگێڕیە، نە کێشەی کۆمەڵایەتیە، بەڵکو بەهۆی پەیوەست نەبوونی پێشمەرگەکان بووە بەو رێکار و سەرەگرتنەی ئاسایشەکان پەیڕەویانکردووە بۆ وەرگرتنی هاوکاری لە رێکخراوی خێرخوازی بارزانی".
بەوتەی عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک، "ئەو دوو پێشمەرگەیە لەگەڵ دایک و خێزانیان چوونە بۆ هاوکاری وەرگرتن، هیچ ناکۆکیەکی کۆنیان لەگەڵ کارمەندەکانی ئاسایشدا نەبووە، بەتایبەت کاکە ئاکۆ کارمەندێکی بەڕەوشت و کوڕی کەسایەتی و بنەماڵەیەکی زۆر جوان و خۆشەویستی شاری چەمچەماڵە و لە ساڵی 1988وه دۆستایەتی و تێکەڵیەکی پڕ لە رێز و خۆشەویستیمان هەیە و بۆ تەنها جار و تەنها دەقەیەک دڵمان لە یەکتر نەشکاوە".
پێشتر عەتا محەمەد، لێپرسراوی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، " كاتێك رێكخراوی بارزانی كەلوپەلی دابەشكردووە بەسەر لێقەوماوانی چەمچەماڵ تەقە لە سێ ئاسایش كراوە و یەكێكیان بارودۆخی تەندروستی زۆر خراپە و تەقەكەرەكە پێشمەرگەیە لای عەبدوڵای كوێخا موبارەك و دیارە دروستكردنی كێشەكە بە پلان بووە".
PM:07:11:12/12/2025
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت