ئیلهام ئەحمەد: دەمانەوێت دیالۆگ لەگەڵ توركیا بكەین و پشتیوانی لە دابەشبوونی سوریا ناکەین
وێستگەنیوز-
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایدەگەیەنێت، پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکە کاریگەریی ئەرێنییان هەبوو لەسەر کوردانی سووریا و ئەوانیش خوازیاری دەستپێکردنی دیالۆگن لەگەڵ ئەنقەرە.
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری لە کۆنفرانسێکی ئاشتی لە ئیستەنبوڵ کرد کە لەلایەن پارتی دەم-ەوە رێکخرابوو رایگەیاند، "مشتومڕی پەیوەست بەئاشتی زۆر گرنگە و پڕۆسەی ئاشتی توركیا رەنگدانەوەی لەسەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و لەسەر ئێمەش هەبووە".
وتيشى، "ئێمە پڕۆسەی دیالۆگمان دەوێت لەگەڵ توركیا، دیالۆگێكمان دەوێت ئێمە وەكو كوردی سوریا لێی تێبگەین، ئەمانەوێت سنوری نێوانمان بكەینەوە".
ئیلهام ئەحمەد، باسی لەوەشكرد "ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رێگە دەدات رۆڵێکی گەورەتر بگێڕێت و پرۆسەی ئاشتی خێراتر و باشتر بەڕێوە بچێت".
بەوتەی ئیلهام ئەحمەد، "حکوومەتی تورکیا گفتوگۆ و پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا هەیە و کەناڵی کراوەشیان لەگەڵ ئێمە هەیە و هەست بە هەڵوێستێکی هەستیار و ورد دەکەین لەم بابەتەدا".
جەختیشیكردەوە، "ئێمە پشتیوانی لە دابەشبوونی سوریا یان هیچ وڵاتێکی دیکە ناکەین، چونکە دابەشبوون ڕێگە بۆ شەڕی نوێ خۆش دەکات، بۆیە ئێمە بانگەشەی ئاشتی و پێکەوەژیان دەکەین".
PM:09:01:06/12/2025
ئهم بابهته 92
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت