ئۆجەلان لەبارەی هەسەدە: دەکرێت هەسەدە ببێتە دوو هێز، هێزێک بچێتە نێو سوپا و هێزێکیش ئاسایش دابینبکات


وێستگەنیوز-

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" لە پەرلەمانی تورکیا رایدەگەیەنێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لە دیدارەکەیدا لەگەڵ شاندی کۆمیسیۆنی چارەسەری لەبارەی چارەنووسی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاماژەی بەوەداوە، دەکرێت هەسەدە ببێتە دوو هێز، هێزێک بچێتە نێو سوپای سوریا و هێزێکیش ئاسایش دابین بکات.


گوڵستان کلچ کۆچیگیت، سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و ئەندامی کۆمسیۆنی پەرلەمان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمراڵی رایگەیاند، "عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دیدارەکەدا بە وردی پرسی سوریای هەڵسەنگاندووە، بەڵام لە ڕاپۆرتەکانی پەرلەماندا نەخراوەتەڕوو هەروەها سەبارەت بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) فۆرمەلەیەکی پێشکەشکردووە".

ئاماژەی بەوەکردووە، "ئۆجەلان پێی وابوو دەکرێت هەسەدە بکرێتە دوو هێز، بەشێکی تێکەڵی سوپای سوریا بێت و ئەوی دیکەی بەردەوام بێ لە دابینکردنی ئاسایشی خۆجێیی".

گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتی، "ئۆجەلان دەڵێت، ئەگەر سیستم لە سوریا ببێتەوە دیکتاتۆرییەت، بێگومان هێزە کوردییەکان نابنە بەشێک لەو دیکتاتۆرییەتە".

وتیشی، "هەڵسەنگاندنی ئۆجەلان لەبارەی سوریا زۆر فراوان بوو و وتی، پێویستە سوریا دیموکراسی بێت، باس لەوە دەکرێت کە شەرع گۆڕاوە، بەڵام ئەگەر ئەو گۆڕانە دیموکراسی نەبێت، شەرعیش دەبێتە دیکتاتۆر و جارێکی دیکە ئازار بۆ سوریاییەکان دەهێنێت".


PM:06:47:05/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو