مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌كێتی: كه‌یسی نێچیروان هه‌ركی حزبییه، له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی حزبی ده‌ستڕۆیشتووی هه‌ولێر ده‌یبینین
وێستگه‌نیوز –
مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند كه ئه‌مڕۆ ده‌زگای حزبی له‌جیاتی دامه‌زراوه‌كان، بڕیار له‌سه‌ر تاوانباركردن ده‌ده‌ن، ده‌شڵێت: "كه‌یسی نێچیروان هه‌ركی حزبییه، له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی حزبی ده‌ستڕۆیشتووی هه‌ولێر ده‌یبینین".
مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌كێتی نیشتمانی له راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌ژێر ناوی "سیناریۆكانی دان پێدانان"، نووسیویه‌تی: "له مێژووی نوێی عێراق و كوردستان له سایه‌ی نه‌مانی به‌ها دیموكراتییه‌كان و زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسی و پاشه‌كشێی ده‌سه‌ڵاتی یاسایی و دامه‌زراوه دادییه‌كان له كوردستان، بێ گوێدانه سه‌ره‌تایترین بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و یاساكانی حكومه‌ت و دامه‌زراوه تایبه‌تمه‌نده‌كان ئه‌مڕۆ ده‌زگای حزبی له‌جیاتی ته‌واوی ئه‌و دامه‌زراوانه بڕیار له‌سه‌ر تاوانبار كردن و تاوانی داتاشراو بۆ چه‌ندین كه‌یسی جیاجیا له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا دروست ده‌كرێن، به مه‌به‌ستی چه‌واشه‌كردنی ڕایی گشتی سیناریۆكانی دانپێدانان بۆ چه‌ند چالاكوان و ڕۆژنامه‌نوس ته‌نانه‌ت كادیر و ئه‌ندامانی خودیی حزبه‌كه‌ی خۆشیان به‌ده‌ر نین له‌م خه‌سڵه‌ته".
ئاماژه‌ی به‌وشداوه كه "ده‌سه‌ڵاتێك نه‌توانێت ڕوون و ڕاشكاو بێت، یاسا و ڕێساكانی به‌وپه‌ڕی پابه‌ندبوونی به بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ كه بریتیه له به‌رگریكردن له‌خۆ و له دادگایه‌كی مه‌ده‌نی سه‌ربه‌خۆ تۆمه‌تباران ڕووبه‌ڕوو به ئاماده‌بوونی پارێزه‌ر و له دادگایه‌كی بێلایه‌ن و مه‌ده‌نی دادگایی بكرێن".
ده‌شڵێت: "هه‌موو ڕاستیه‌كان نه‌شێوێندرێن له پێناوی شاردنه‌وه‌ی له‌شكركێشی ته‌واوی هێزیی حزبی بۆ كۆچ پێكردن و ئاواره كردنی گوندێكی چه‌ند سه‌د ماڵی نزیك پایته‌خت. سیناریۆی چه‌واشه‌كارانه داتاشێت بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌م له‌شكركێشیه".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "بۆیه لێره‌وه ئاگاداریی هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان وه‌ك: 1- سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، 2- سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، 3- سه‌روكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی شورایی كوردستان، 4- ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ، 5- ته‌واوی كونسوڵخانه‌كانی هه‌ولێر ده‌كه‌ین كه لیژنه‌یه‌كی بێلایه‌ن له كه‌شێكی ته‌واو ئارام، بێ هیچ فشارێك بۆ كه‌یسی دروستكراوی هه‌ڤاڵ نێچیروان هه‌ركی پێكبێت، ته‌واوی ئه‌و ڕاستیانه بۆ هه‌موولایه‌ك ساغبكرێته‌وه".
مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌كێتی راشیگه‌یاندووه كه "ئه‌گه‌ر نا به‌لای ئێمه ئه‌م كه‌یسه كه‌یسێكی حزبییه، له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی حزبی ده‌ستڕۆیشتووی هه‌ولێر ده‌یبینین، نه‌ك ڕاگه‌یه‌ندراوی حكومه‌تی هه‌رێم و دادگا و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێبه‌ریه له‌م جۆره ڕاگه‌یه‌ندراوانه".
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه و تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ژماره‌یه‌ك لایه‌نی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ده‌ستیان له ئاژاوەگێڕییەکانی گوندی لاجان هه‌بووه و دانپێدانانی كه‌سێكیشی به‌ناوی نێچیروان هه‌ركی بڵاوكرده‌وه.
PM:10:25:04/12/2025
ئه‌م بابه‌ته 528
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت