قوباد تاڵەبانی: ئامادەین بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە


وێستگه‌نیوز- 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌، رایگه‌یاند كه‌ ئامادەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێك لە هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە، کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاوڵاتییان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات.


لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ  مایکڵ ریگاس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا قوباد تاڵه‌بانی‌ ووتی‌ دەرگای هەموو شارو ناوچەکانی کوردستان کراوەیە بەڕووی ئەمریکادا بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا و بە تایبەتیش لە بوارەکانی ئەمنی و ئابووری و بازرگانی و کلتووریدا.

هه‌روه‌ها قوباد تاڵه‌بانی‌ پیرۆزبایی کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستان كرد و رایگه‌یاند " ئەمە ئاماژەیە بۆ بەهێزی و گرنگیی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و هەرێم".


به‌پێی‌ راگه‌یاندراوێكی‌ نوسینگه‌ی‌ قوباد تاڵه‌بانی‌ كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ بۆ وێستگه‌نیوز نێردراوه‌ ناوبراو له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا باسی‌ هێرشه‌كانی‌ سه‌ر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، كردووه‌و وتوویه‌تی‌ " بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستانە و دەبێت کۆتایی بەم جۆرە هێرشانە بهێنرێت".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی‌ ووتووه‌ "بەردەوامی و چەندبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆسەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێم سەلمێنەری ئەوەیە کە پێویستە ئاستی هەماهەنگی نێوان هەرێم و ئەمریکا بەردەوام و زیاتر بێت".

سه‌باره‌ت به‌ چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگه‌یاندووه‌ ئه‌و چاكسازییانه‌" قۆناغی باشی بڕیوە و سوپاسی ئەمریکا دەكەین بۆ هاوکاریکردنی هەرێم. پرۆسەكە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی هێزێکی راهێنراوی پیشەیی و نیشتمانی و دوور لە هەرچەشنە دەستێوەردان و ئینتمایەکی حیزبی."


PM:02:45:03/12/2025












ئه‌م بابه‌ته 220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو