کۆمپانیای دانە گاز: سودانی داوای راگرتنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر نەکردووە


وێستگەنیوز-

کۆمپانیای دانە گاز رەتیدەکاتەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای راگرتنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر کردبێت، دەڵێت، "بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە راست نییە".


ئەمڕۆ سێشەممە، 2ی کانونی یەکەمی 2025، کۆمپانیای دانە گازی ئیماراتی لە راگەیەنراوێکدا هەواڵێکی پێگەی "ئەلمۆنیتەر"ـی رەتکردەوە، گوایە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای کردووە، تا کاتی راگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەسەر هێڕشەکە، بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر رابگیرێت و هەناردە نەکرێتەوە.

لە ڕاگەیەنراوی کۆمپانیاکەدا هاتووە، "ئەوەی لە هەواڵەکەی ئەلمۆنیتەردا هاتووە بە هیچ شێوەیەک راست نییە، بە پێچەوانەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە روونی جەختی لەسەر خواستی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە نزیکترین کاتدا کردووەتەوە".

کۆمپانیاکە دەڵێت، "ئێمە سوپاسگوزاری سەرۆک وەزیران و هەموو کارمەندانی نووسینگەکەیانین بۆ وەڵامدانەوەی خێرا و پشتیوانیان لە پرسە ئەمنییەکان، هەروەها بۆ سەردانی دەستبەجێی بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی فیدراڵی بۆ کێڵگەی کۆرمۆر، هەروەها سوپاسگوزاری پابەندبوونی حکومەتی عێراقین بۆ دەرکردنی راپۆرتی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە هێرشەکە و بەدواداچوونی هەموو ئەو بابەتانەی تێیدا هاتووە لە زووترین کاتدا".


PM:02:03:02/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت