حزبی شیوعی كوردستان له سه‌ر گرژییه‌كانی لاجان هاته ده‌نگ
وێستگه‌نیوز -
مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری حزبی شیوعی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌رێم پێی نایه قۆناغێكی مه‌ترسیدارتری پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ كه ده‌ركردنی زۆره‌ملێی خه‌ڵكی مه‌ده‌نییه، ده‌شڵێت: "هه‌موو جۆره‌كانی تووندوتیژی ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه ده‌بێت گوێ له داواكاری ره‌وای هاووڵاتییان بگیرێت".
مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری حزبی شیوعی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "رۆژی شه‌ممه 29-11-2025 كاتێك دانیشتووانی گوندی لاجان له‌به‌رده‌م پاڵاوگه‌ی لانازی نزیك ئاواییه‌كه‌یان كۆببوونه‌وه و داوای هه‌لی كار و دامه‌زراندنیان ده‌كرد، له جیاتی ئه‌وه‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان وه‌ڵامی داواكارییه‌كانیان بده‌نه‌وه، به‌داخه‌وه تووندوتیژی لێكه‌وته‌وه و به فیشه‌ك وه‌ڵامیان درایه‌وه و كوژراو برینداری لێكه‌وتووه".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "له كاتێكدا ئه‌ركی پۆلیسی چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كانه به گیانێكی شارستانیانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خۆپێشانده‌ران بكه‌ن و پاراستنی ژیان و سه‌لامه‌تیان بپارێزن، كه‌چی هێزێكی سه‌ربازی به جۆره‌ها چه‌كی سووك و قوڕس برانه سه‌ر گوندی لاجان و خه‌ڵكه‌كه‌ی و ئه‌مڕۆش به زۆره‌ملێ و به فه‌رمانێكی سه‌ربازی و دوور له هه‌موو بنه‌مایه‌كی مافی مرۆڤ و یاسایی، فه‌رمانیان به خه‌ڵكی لاجان كرد گونده‌كه چۆڵ بكه‌ن و به سه‌دان كه‌س له‌م وه‌رزی سارد و سه‌رمایه‌دا به زۆر له ماڵه‌كانیان ده‌ركراون و ئاواره بوونه و ژیان و ته‌ندروستییان به گشتی و پیر و منداڵان به تایبه‌تی له مه‌ترسیدایه".
حزبی شیوعی ده‌ڵێت: "له هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ڕۆژ به ڕۆژی ئازادییه گشتییه‌كان و پێشێلی مافی مرۆڤ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه كه ناو و ناوبانگی هه‌رێمی كوردستانی له‌كه‌دار كردووه، كه‌چی ئه‌مڕۆ پێی نایه قۆناغێكی مه‌ترسیدارتری پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ كه ده‌ركردنی زۆره‌ملێی خه‌ڵكی مه‌ده‌نییه له ماڵ و گونده‌كه‌یان و نه‌ریتی ڕاگواستنی زۆره‌ملێی خه‌ڵكی له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسی گۆڕبه‌گۆڕ له یاده‌وه‌ری و زه‌ینی جه‌ماوه‌ری كوردستاندا زیندوو كرده‌وه".
مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری حزبی شیوعی كوردستان داواكاره:
1-ده‌بێت هه‌رچی زووه به‌ر له‌م سیاسه‌ته دژه مرۆیی و ڕاگواستنی زۆره‌ملێ بگیرێت كه ده‌رهه‌ق به خه‌ڵكی لاجان په‌یڕه‌و ده‌كرێت.
2- ده‌ستبه‌جێ كۆتایی به دیارده‌ی مۆڵدانی هێزی سه‌ربازی و چه‌كداریی بهێنرێت و ئه‌و هێزه‌ی گه‌مارۆی لاجانی داوه بكشێته‌وه.
3- ده‌ستبه‌جێ و به‌بێ هیچ ڕێگرییه‌ك بوار به خه‌ڵكی گوندی لاجان بدرێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ماڵه‌كانیان.
4-پێویسته ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستان كۆتایی به بێده‌نگیی بهێنن و ڕۆڵیان خۆیان بگێڕن.
5- كۆی حزب و بزووتنه‌وه و هێزه ناڕازییه‌كان و چالاكوانی مه‌ده‌نی به په‌له كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامبده‌ن و ئیدانه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه مه‌ترسیداره‌ی ڕاگواستنی زۆره‌ملێ ئیدانه بكه‌ن و چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ UN و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان و كونسوڵخانه‌كان ئه‌نجامبده‌ن و به یاداشتی ره‌سمی ئاگاداریان بكه‌نه‌وه.
6- هه‌موو جۆره‌كانی تووندوتیژی و له هه‌رلایه‌كه‌وه بێت ئیدانه‌ی ده‌كه‌ین و داوای پاراستنی ژیان و مافی خه‌ڵك و دامه‌زراوه گشتییه‌كان ده‌كه‌ین.
7-هه‌رچی زووه دامه‌زراوه ته‌ندروستیه‌كان به هانای خه‌ڵكی لاجان بچن كه له ده‌شت و ده‌ره‌كانن و چاودێری و هاوكاری ته‌ندروستییان بكه‌ن.
حزبی شیوعی كوردستان راشیگه‌یاندووه كه "جارێكی تر جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه، ده‌بێت گوێ له داواكاری ڕه‌وای هاووڵاتییان بگیرێت به تایبه‌تی بۆ هه‌لی كار و ژیانێكی شایسته و ئیدانه‌ی هه‌موو شێوازه‌كانی تووندوتیژی ده‌كه‌ین و پێویسته ده‌ستبه‌جێ كۆتایی پێ بهێنرێت".
PM:07:20:01/12/2025
ئه‌م بابه‌ته 108
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت