وەزارەتی تەندروستیی هەرێم: لە ماوەی 11 مانگی ئەمساڵدا 87 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز تۆمارکراوە


وێستگەنیوز-

لە رۆژی جیهانیی ئایدزدا، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دروشمی "زاڵبوون بەسەر تووشبوون، گۆڕانکارییە لە بەرەنگاربوونەوەی ئایدز" نوێترین زانیاری و ئاماری بڵاوکردەوە.


وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەم ڕۆژە دەرفەتێکی جیهانییە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی تووشبوون بەم ڤایرۆسە، کەمکردنەوەکەش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی خۆپارێزییەوە دەبێت".

بەپێی دوایین ئاماری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئایدز، لە کۆتایی ساڵی 2024 نزیکەی 40.8 ملیۆن کەس لە جیهاندا هەڵگری ڤایرۆسی HIV بوون. لەو ساڵەدا نزیکەی 1.3 ملیۆن تووشبووی نوێ تۆمار کراون و 630,000 کەسیش بەهۆی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ئایدزەوە گیانیان لەدەست داوە. سەرەڕای ئەمەش، هەوڵەکان بۆ چارەسەر بەردەوامن و نزیکەی 31.6 ملیۆن تووشبوو دەستیان بە دەرمانی دژەڤایرۆس رادەگات.

لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی 11 مانگی ڕابردووی ساڵی 2025، وەزارەتی تەندروستی نزیکەی 609,306 پشکنینی تاقیگەیی بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام داوە. پشکنینەکان بەشێکن لە پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیی ئایدز. پشکنینەکان بۆ کەسانی بیانی، پێش بەخشینی خوێن، پێش هاوسەرگیری، کرێکارانی شوێنە گەشتیارییەکان و چەندان گرووپی دیکە دەکرێن.

لە ئەنجامی پشکنینەکاندا، 87 حاڵەتی نوێی تووشبوون دەستنیشان کراوە. 64 حاڵەتیان بیانی و هاووڵاتیی دەرەوەی هەرێمن. 23 حاڵەتی دیکەیان هاووڵاتی و دانیشتووی هەرێمی کوردستانن. هەموو تووشبووانی دانیشتووی هەرێم، کە کۆی گشتییان لە هەموو ساڵەکاندا دەگاتە 150 حاڵەت، لەژێر چاودێریی تەندروستیدان. ئەوان بەردەوام چارەسەر و هۆشیاریی پێویستیان پێ دەدرێت.

وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاوڵاتییان دەکات خۆویستانە پشکنینی ڤایرۆسی ئایدز ئەنجام بدەن، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی خۆیان. هەروەها داوای دوورکەوتنەوە لەم ڕەفتارە مەترسیدارانە دەکات:

- جووتبوونی سێکسی لە دەرەوەی ژیانی هاوسەری

- تاتۆکردن لە شوێنی ناباوەڕپێکراو

- بەکارهێنانی دەرزی و سرنجی بەکارهاتوو

- بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان

وەزارەتەکە ئەوەی خستووەتە ڕوو، هۆشیاری و ناسینی نەخۆشیی ئایدز و ئاشنابوون بە ڕێگاکانی گواستنەوەی، بەهێزترین چەکی خۆپارێزییە. خۆشبەختانە، هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە وڵاتانی جیهان، کەمترین ڕێژەی تووشبوونی هەیە. ئەمەش بۆ پابەندبوون بە بەها کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان و پتەویی بەرنامەکانی خۆپارێزی دەگەڕێتەوە.

رێگەکانی گواستنەوە و خۆپارێزی

ئایدز نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی درمە. لە ڕێگەی خوێن، سێکسی ناپارێزراو، لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە، یان هەر بەرکەوتنێکی ڕاستەوخۆی خوێن و دەردراوەکانی کەسی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە. ڤایرۆسی HIV هێرش دەکاتە سەر سیستەمی بەرگریی لەش و لاوازی دەکات. ئەمە وا دەکات تووشبوو توانای بەرگریی لە نەخۆشییە درمەکانی تر و شێرپەنجەی نەمێنێت.


PM:03:07:01/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 20 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت