حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان: تەقەکردن لە خەڵک و سەرکوتکردن پایەکی دەسەڵاتەکەی پارتییە
وێستگەنیوز-
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی رۆژی شەممەی گوندی لاجان لە سنووری پارێزگای هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، 'دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٩ی تشرینی دوەمی ٢٠٢٥، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دانیشتوانی گوندەکانی لاجان و دەوروبەری، کە دەکەوێتە نیوان هەولێرو شارۆچکەی گوێرەوە، لەگەڵ پەلامار و هێرشی هێزەکانی دەسەڵاتدارانی هەولێر بەرەوڕوو دەبێتەوە و لە ئاکامدا نزیکەی ١٥ کەس بریندار و کوژراوی لێدەکەوێتەوە، ئەم ڕوداوە بەدوای ئەو بەڵێنانەدا دێت کە پارتی و حکومەتەکەی بەر لە هەڵبژاردن بە خەڵکی گوندی لاجان و دەوروبەری دابوو کە لەسەر کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتی لاناز دایان دایانمەزرێنن، بەڵام ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دوای ئەوەی خەڵکی گوندەکە سەردانی کۆمپانیای ناوبراو دەکەن، بۆیان دەردەکەوێت کە نەک هەر ئەو بەڵینەی پێیان دراوە جێبەجێ ناکرێت، بەڵكو نزیکەی ١٥٠ شۆفێر لە خەڵكی گوندەکە، کە بڕیار بووە کاری گوێزانەوەی نەوت بکەن، لە کارەکانیان دەرکراون".
ئاماژە بەوەکراوە، "ئەم هەواڵەش توڕەیی و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندنی خەڵکی ئەم گوندە و ناوچەکەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی کاتێک کە کۆمپانیای "لاناز" ئەو گەنجە دەستگیر دەکات کە بۆ بەدواداچونی هەواڵی پێنەدانی کار سەردانی کۆمپانیای ناوبراوی کردبوو. وەڵامی دەسەڵاتدارانی هەولێر بە خواستە بەرهەقەکانی خەڵکێک کە لەژێر سایەی ژینگە و ژیانی ئەواندا کۆمپانیایەکی پاڵاوتنی نەوتی دامەزراندووە و ڕۆژانە گازی ژەهراوی بە قوڕگیاندا دەکات، تەقەکردنی کوێرانە و گرتن و ڕاونانی خەڵک و پەلاماردانی ئەو میدیایانە بوو کە ڕوماڵی ڕوداوەکانیان دەکرد. زیاتر لەمەش پارتی و حکومەتەکەی لەڕاستای داکۆکی کردن لە کۆمپانیای لاناز و بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداراندا، هێزێکی زۆری سەربازی لە هەولێرەوە بۆ سەر خەڵکە ناڕازیەکە ڕاپێچدا و دەستی کرد بە هەڕەشە و ترساندن و بەبڕینی کارەبا و ئینتەرنێت و پەلاماری میدیاکان، کەوتە گەمارۆدانی ناوچەکە، تا خەڵكی نارازی سەرکوت بکات. لەکاتێکدا خەڵکی گوندنشینانی لاجان و دەوروبەری وەک مافێکی سەرەتاییان، داواکاری دامەزراندنی گەنجان بوون".
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دەڵێت، "بێگومان ئەمە یەکەم جار نییە کە خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان لەسەر داوا و مافی سەرەتایی خۆیان دەدرێنەبەر شەق و گوللە و پەلاماری هێزە ئەمنیەکانی دەسەڵاتداران، بەڵکو لەسایەی دەسەڵاتدارانی ئەحزابە بۆرژوازیەکانی کوردستاندا، چ لە زۆنی زەرد و چ لە زۆنی سەوز، وەک عادەتێکی هەمیشەیی، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵکیان بە گرتن و تەقە و سەرکوت وەڵام داوەتەوە".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەمە لەکاتێکدایە کە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان تا هاتوە، لە نەدانی موچە و بێکاری و گرانی و کەمی خزمەتگوزارای و سەپاندنی باج و سەرانە و هەزار دەردومەینەتیدا ڕاگرتوە، لەولاشەوە بۆ خۆیان و بنەماڵە و دەستوپێوەندەکانیان ژیانێکی فیرعەونانەیان سازداوە".
وەک حزبەکە ئاماژەی پێداوە، "خەڵکی کوردستان لەوانەش دانیشتوانی هەژارنشینی گوندی لاجان و گەڕەکە کەناریەکانی شار، بە درککردنی جیاوازیە چینایەتیەکانیان لەگەڵ دەستەی فەرمانڕەوا و حیزبەکانیدا، بە پەیبردن بە خواستەکانی خۆیان ڕێگایەکی تریان لەبەردەمدا نەماوە جگە لە هاتنەمەیدان و دەربڕینی ناڕەزایەتی تا بەرگری لە ژیان و گوزەرانی خۆیان بکەن و خواست و داواکاریەکانی خۆیان بەسەر دەسەڵاتداراندا بسەپێنن. لە بەرامبەریشدا ئەوە پارتی و حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتیە کە وەک نوێنەرانی چینی سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیا و سەروەت و سامانی کۆمەڵگە، لە ترسی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی جەماوەر و پاراستنی دەسەڵات و پێگەی خۆیان بەسەر خەڵکدا، ئامادەن ناڕەزایەتی جەماوەری بۆ سەرەتاییترین مافیان ڕووبەڕووی تەقە و کوشتار و لەخوێن هەڵکێشان بکەنەوە".
ئەوەش هاتووە، "حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، جگەلەوەی کە هێرش و پەلاماری هێزە ئەمنیەکانی پارتی بۆ سەر خەڵک و گرتن و ڕاونان و سەرکوتی خۆپیشاندانەکان بەتوندی سەرکۆنە و مەحکوم دەکات، هاوکات لەپاڵ خواست و داوای خەڵکی گوندی لاجان و دەوروبەریدا ڕادەوەستێ و پشتیوانی خۆی بۆ داواکانیان دەردەبڕێ، هاوکات داوادەکات کە دەسەڵاتداران و حکومەتەکەی پارتی، هێزەکانی خۆی بکشێنیتەوە و دەست لە هەڕەشە و سەرکوتگەری هەڵبگرێ و ئەوانەی تەقەیان لە خەڵک کردووە بدرێنە دادگا و ڕاستەوخۆش وەڵام بە داواکاریەکانی خەڵکی ناڕازی ئەو ناوچەیە بدەنەوە".
حزبەکە راشیگەیاندووە، "حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی وێڕای هاوخەمی لە کەسوکاری کوژراو و بریندارەکان، داوا لە خەڵکی کوردستان بەگشتی و خەڵکی شاری هەولێر دەکات کە هاودەنگی و پشتیوانی خۆیان بۆ داوا و ناڕەزایەتی گوندی لاجان و دەوروبەری دەرببڕن و بەشێوەی گونجاوی خۆیان لە تەنهاییدا جێیان نەهێڵن".
AM:09:29:01/12/2025
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت