كاتی راگه‌یاندنی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان له هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كۆرمۆر راگه‌یه‌ندرا
وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق رایگه‌یاند كه هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر كارێكی "تیرۆریستی" بووه، ده‌شڵێت: "لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له ماوه‌ی 72 كاتژمێردا ئه‌نجامه‌كانی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت".
ئه‌مڕۆ هه‌ینی 28ی تشرینی دووه‌می 2025 وه‌فدێكی ئه‌منیی باڵای هاوبه‌ش به سه‌رۆكایه‌تیی عەبدولئەمیر شەممەری و رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیرانی ناوخۆی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و حەمید شەتری سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری گه‌یشتنه كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر و كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجام دا‌و و دواتر ده‌ستیان كرد به لێكۆڵینه‌وه به‌ئامانجی ئاشكراكردنی ناسنامه‌ی هێرشبه‌ران و ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتێكی تێروته‌سه‌ل بۆ محه‌مه شیاع سودانی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان.
لای خۆیه‌وه سه‌باح نو‌عمان وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق بۆ میدیا عێراقییه‌كان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر تیرۆریستی بووه و سه‌روه‌ری عێراق و یه‌كێك له گرنگترین كێڵگه غازییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی كرده ئامانج.
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "به‌فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان و سه‌رۆكی حكومه‌ت، لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌كنیكی هاوبه‌ش ده‌ستی به كاره‌كانی كرد، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه به‌په‌له‌یه‌ی دوێنێ به به‌شداری سه‌ركرده ئه‌منییه‌كان ئه‌نجامدرا".
ڕوونیشیكرده‌وه، "لیژنه‌كه جگه له هه‌ماهه‌نگی ته‌كنیكی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و لیژنه ته‌كنیكییه په‌یوه‌ندیداره‌كان به شوێنه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش، ده‌ستی به كاره‌كانی كردووه به چوونی بۆ شوێنی رووداوه‌كه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی زیانه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و به‌دواداچوون بۆ بارودۆخه‌كه".
راشیگه‌یاند كه "سه‌رۆكی حكومه‌ت رێنمایی كردووه كه له ماوه‌ی 72 كاتژمێردا ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كه ئاماده بكرێت. بۆ ئه‌مه‌ش لیژنه‌كه هه‌موو ئه‌گه‌ر و سیناریۆ ئه‌منی و ته‌كنیكیه‌كان له‌به‌رچاو ده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابێت له‌وه‌ی راستییه‌كان به روونی و راشكاوانه ئاشكرا بكرێن".
ئه‌م لێدوانه دوای ئه‌و هێرشه دێت كه كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆری له هه‌رێمی كوردستان كرده ئامانج كه دامه‌زراوه‌یه‌كی وزه‌ی گرنگه و به‌شێكی گرنگی تۆڕی به‌رهه‌مهێنانی غازی سروشتییه كه بۆ دابینكردنی وێستگه‌كانی كاره‌با و پیشه‌سازییه ناوخۆییه‌كان به‌كارده‌هێنرێت.
PM:03:17:28/11/2025
ئه‌م بابه‌ته 420
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت