فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه: بۆ پاراستنی ژێرخانی هه‌رێم، سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانیمان پێ بده‌ن
وێستگه‌نیوز -
فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هێرشه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردووی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر به كرده‌وه‌یه‌كی (تیرۆریستی) ناوزه‌د ده‌كات، داواش له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات بۆ پاراستنی ژێرخانی هه‌رێم، سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانی دابین بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 27ی تشرینی دووه‌می 2025 فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئامانج له هێرشكردنه‌سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر، لێدانه له ژێرخانی ئابووری، خزمه‌تگوزاریی گشتی و وه‌به‌رهێنانی نێوده‌وڵه‌تی.
فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه نیگه‌رانیی قووڵی خۆی نیشان داوه له‌وه‌ی كه پێشتریش هێرشی له‌م شێوه‌یه كراوه‌ته سه‌ر هه‌رێم و سه‌ره‌ڕای ئاشكرابوونی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كرده‌وه‌كانیان ئه‌نجام داوه، هیچ ڕێكارێكی پێویستیان به‌رانبه‌ر نه‌گیراوه‌ته به‌ر.
داواش له حكومه‌تی فیدراڵی عێراق ده‌كات "ئه‌مجاره به جددی به‌دواداچوون بكات و تاوانباران به سزای خۆیان بگه‌یه‌نێت تا ڕێگری له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م تاوانانه بكرێت.
له به‌شێكی تری راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رووی ده‌می ده‌كاته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و نووسیویه‌تی: "ئاسایشی هه‌رێم به‌شێكی دانه‌بڕاوه له ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی جیهان"، داواكاریشه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی وێڕای سه‌ركۆنه‌كردنی ئه‌و كرده‌وانه، سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانی بۆ هه‌رێم دابین بكه‌ن تا بتوانرێت پارێزگاری له سه‌قامگیری و ژێرخانی وزه بكرێت.
هاوكات داوا ده‌كات وڵاتانی جیهان له ڕێگه‌ی كه‌ناڵه دیپلۆماسییه‌كانه‌وه فشار بخه‌نه سه‌ر به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌و گرووپانه بكات و چیتر نه‌یه‌ڵن له‌ژێر هیچ پاساوێكدا ده‌ستدرێژی بكرێته سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رچاوه‌كانی وزه.
PM:05:49:27/11/2025
ئه‌م بابه‌ته 424
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت