سودانی فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای کرد بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر هێرشەكەی كۆرمۆر


وێستگه‌نیوز –

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی كرد بە پێكهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵای کرد، بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.


سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "لە کاتێکدا عێراق بەرەو سەقامگیری دەڕوات و گێڕانی رۆڵی راستەقینەی خۆی لە هەردوو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەگێڕێت، لایەنە تیرۆریستییەکان بە ئەنجامدانی هێرشێکی قێزەون بۆ سەر کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانى عێراق كە دوێنێ شەو چوارشەممە روویدا هەوڵی تێکدانی سەقامگیری وڵات دەدەن".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "هەر لەو بارەیەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و سەرۆکانی دەزگا ئەمنییەکان، بۆ زانینی کاردانەوەکانی ئەم کارە ترسنۆکانە".

بەپێی راگەیەندراوەكە، "سودانى فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵای کرد، بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ و ئەندامێتی هەر یەک لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و وەزیری ناوخۆ لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لیژنەیەکی تەکنیکی کە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەخۆبگرێت، بۆ لێکۆڵینەوە لەم کارە و ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون و پشتیوانیان دەکەن بۆ ئەوەی بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت".


PM:04:51:27/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو