رێباز حەملان: پێویستە حکومەتی عێراق چوار مووچەکەی ئەمساڵ بنێرێت
وێستگەنیوز-
یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای كردووه، وەزیری دارایی عێراق ناردنی پارەی هەرێمی بەستووەتەوە بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆیانەوە، بڕیارەكەشی بە ستەم و كارتی فشار ناوبردووە.
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە كەناڵی کوردستان24ی راگەیاند، "تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پێی راگەیاندون، تا مووچەی فەرمانبەرانی خۆیان دابەش نەکەن، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نانێرن".
وتيشى، "حکومەتی عێراق بەرپرسیاری یەکەمه لە نەناردنی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام ئەوان هەمیشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانيان وەک کارتێکی فشار بەکارهێناوە، ئەمەش زوڵمێکی گەورەیە".
دووپاتیشیكردەوە، "هەر وەک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و فشارێکی زۆریش لە عێراق دەکات و پێویستە حکومەتی فیدراڵی ئەو چوار مووچەی ماوە بنێرێت".
دەشڵێت، "لەگەڵ دەستپێكردنەوەی هەناردەكرندەوەی نەوت، کە داهاتەکەی دەگەڕێتەوە بەغدا، لە 29 ئەیلوولەوە تاوەکوو ئێستا 11 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە".
ئاماژەشيكرد، "لە 19ی تشرینی دووەم 120 ملیار دینارمان بۆ بەغدا ناردووه و هەروەها لیستی مووچەی مانگی نۆ نێردراوە و ئەمڕۆش شاندێکی هەرێم لیستی مووچەی مانگی دەی بۆ بەغدا بردووە و سبەیش لێکۆڵینەوە لە دواکەوتنی مووچەی مانگی نۆ دەکەن".
باسی لەوەشكرد، "بانکی ناوەندی لقی هەولێر بەردەوام بەشی سێ مووچە سیولەیان لە بەردەستە و لەو مووچەیەی حکومەتی فیدراڵ دابینی دەکات بە رێژەی %75 هەرێمی کوردستان خۆی لە داهاتی نانەوتی و نەوتی دابینی دەکات، ئەوان تەنیا نزیکەی 270 ملیار دینار دابین دەكەن".
ئەوەشی خستەڕوو، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو مانگێک لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە داهاتی ناوخۆ 42 ملیار دینار دەداتە ئەو کارمەندانەی گرێبەستیان لەگەڵ کراوە و عێراق پارەکەیان نانێرێت".
PM:12:00:25/11/2025
ئهم بابهته 320
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت