نێچیرڤان بارزانی بۆ 25ى نوڤەمبەر: پابەندیی خۆمان بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی ژنان دووپات دەكەینەوە


وێستگەنیوز-

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان (25ی نۆڤەمبەر) پاڵپشتی و داكۆكیكردنی خۆی بۆ ئافرەتانی هەرێم دووپات كردەوە.


نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمدا بڵاویكردەوە، "لە رۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا، پابەنديى نەگۆڕمان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە ئازادی و یەکسانی و شکۆی مرۆیی تيايدا سەروەر بێت، دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ و له‌ هه‌وڵدان و كاركردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی و جیاکاری دژی ئافرەتان، به‌رده‌وام ده‌بين".

وتيشى، "به‌ڕێزه‌وه‌ یادی هەموو ئەو ئافره‌تانه‌ دەکەینەوە کە بەهۆی توندوتیژییەوە گيانيان لەدەست دا و هاوسۆزیی قووڵمان بۆ خێزانەکانیان دەردەبڕین، دڵنه‌وايى بۆ خێزانه‌كانيان تەنها بە بەدیهێنانی دادپەروەری و رێگه‌گرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە و بنیاتنانی ژینگەیەکی ئارام دەبێت کە پارێزگاری لە هەموو ژنێك بکات لە هەر پێگە و بارودۆخێکدا بێت".

سەرۆكی هەرێم دووپاتیشیكردەوە، "پاراستنی مافەکانی ئافرەتان کۆڵەکەیەکی سەرەکیی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، دادپەروەر، پێشکەوتوو و ئارامه‌ بۆ هەمووان و بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان پێویستی بە ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ و یاسای تۆکمە و جێبەجێكردنيان و هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتی هەیە کە رێز لە ئافرەت بگرێت و پشتیوانی لە بەشداریکردنی فراوانی لە ژیانی سیاسی و کارگێڕی و ئابووریدا بکات".

دەشڵێت، "داهاتووی کوردستان، پەیوەستە بە تواناسازیی ئافرەتان و بەهێزکردنی بەشداریکردنی کارایان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و بە هەموو هێز و پێداگرییەوە پابەند ده‌بين بە رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی، بیری توندڕەوی، پاراستنی ماف و ئازادییەکان و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە تیايدا هەموو ئافرەتێک پارێزراو، ئازاد و بەتوانا بێت بۆ بەدیهێنانی خەون و ئامانجەکانی".

باسی لەوەشكرد، "له‌گه‌ڵ هه‌موو دامه‌زراوه‌ و لايه‌نه‌ فه‌رمييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی و كه‌سايه‌تييه‌ ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان به‌رده‌وام ده‌بين بۆ بەهێزکردنی پاراستنی یاسایی، فراوانکردنی بەرنامەکانی تواناسازیی ئابووری و پەرەپێدانی بەشداریکردنی ئافرەتان لە پێگەکانی بڕیاردان و مسۆگەرکردنی بنیاتنانی ژینگەی کار و کۆمەڵگەیەک کە دوور بێت لە گێچەڵ و توندوتیژی و جیاکاری".

سەرۆكی هەرێم لە پەیامەكەیدا بۆ ئافرەتانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، "سڵاو له‌ هەموو ئەو ئافرەتانەی خەبات بۆ مافەکانیان دەکەن، هەروەها له‌ چالاکوانان و کارمەندانی بواری بەرگریکردن لە ژنان و هەموو ئەوانەی لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی بەهاکانی یەکسانیدا به‌شدارن، هەروەها رۆڵی گەنجان، دەزگاکانی راگەیاندن، قوتابخانە و زانکۆکان، لە بڵاوکردنەوەی کولتووری ناتوندوتیژی و رێزگرتن لە بەرامبەر، بەرز دەنرخێنین و با هه‌موومان پێکەوە بەردەوام بین لە کارکردن لەپێناو کۆمەڵگەیەکى بێ توندوتیژی، بێ ترس و بێ جیاکاریدا".


AM:10:48:25/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو