یەکێتی پۆستە ئیدارییەکانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە لە بزووتنەوەی گۆڕان وەردەگرێتەوە
وێستگەنیوز-
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستی بە هەڵمەتێک کردووە بۆ وەرگرتنەوەی سەرجەم ئەو پۆستە ئیدارییانەی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە لای بزووتنەوەی گۆڕانن، تەنانەت پۆستی پارێزگاری سلێمانیش دەگرێتەوە.
میدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاویکردەوە، قۆناغێکی نوێ لە گۆڕانکاریی ئیداری لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکردووە، یەکێتی لیژنەیەکی حکومیی تایبەتی پێکهێناوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستانەی پێشتر بە بزووتنەوەی گۆڕان درابوون، ئامانجی یەکێتی ئەوەیە هیچ پۆستێک لە دەستی گۆڕاندا نەهێڵێت.
بەپێی ئەوەی میدیای یەکێتی بڵاویکردووەتەوە، بزووتنەوەی گۆڕان نزیکەی 30 پۆستی لە دەستدابووە، تاوەکو ئێستا 10 پۆستیان لێ وەرگیراوەتەوە کە بەم شێوەیەن، پێنج بەڕێوەبەری گشتی، دوو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە.
هەروەها عەتا محەمەد، بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی لە سلێمانی رایگەیاندووە، "پڕۆسەی وەرگرتنەوەی پۆستەکان گشتگیرە و سەرجەم ئاستەکان دەگرێتەوە، بە پۆستی پارێزگاری سلێمانیشەوە".
عەبدولقادر ساڵح، راوێژکاری یاسایی روونیکردووەتەوە، "بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵوەشاوەتەوە، یەکێتی ناتوانێت لەوێوە متمانە وەربگرێتەوە، بۆیە پەنای بۆ ڕێکاری ئیداری بردووە".
گۆڕانکارییەکان لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە بە فەرمانی ئیداری جێبەجێ دەکرێن.
AM:11:21:24/11/2025
ئهم بابهته 176
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت