سۆمۆ: لە رۆژێكدا زیاتر لە 188 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان باركراوە بۆ توركیا
وێستگەنیوز-
كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایدەگەیەنێت لە ماوەی مانگێكدا زياتر له 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوه بارکراوە، كه لە رۆژێکدا 188.2 هەزار بەرمیل بووە.
بەپێی ئاماری بارکردنی نەوتی هەناردەکراو، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا 110 ملیۆن و 650 هەزار و 970 بەرمیل نەوتی هەناردەکراو لە هەردوو بەندەری بەسرە و جەیهانی تورکیا لەلایەن کەشتییە کڕیارەکانیانەوە بارکراون، کە رۆژانە نزیکەی 3.6 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە.
ئاماژەشیكردووە لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرەوە 66 ملیۆن و 78 هەزار و 192 بەرمیل نەوتی سووک و 38 ملیۆن و 737 هەزار و 914 بەرمیلی نەوتی قورس بارکراون.
بەگوێرەی ئامارەکە، لە مانگی تشرینی یەکەم لەو بڕە نەوتە، 5 ملیۆن و 834 هەزار و 864 بەرمیل نەوتی بارکراوی هەرێمی کوردستان بووە لە بەندەری جەیهانی تورکیا، کە لە ماوەی 8 رۆژدا بارکراون.
سۆمۆ روونیشیكردووەتەوە، تێکڕای نەوتی بارکراوی هەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینی یەکەمدا لە رۆژێکدا 188.2 هەزار بەرمیل بووە و زۆرترین بڕی نەوتى بارکراو لە 6ی تشرینی یەکەم بووە کە 331 هەزار و 24 بەرمیل بووە.
PM:07:52:21/11/2025
ئهم بابهته 108
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت