ئالان حه‌مه‌سه‌عید: گه‌وره‌ترین و ناوازه‌ترین پلاتفۆرمی (دیجیتاڵی كارلێكارانه‌مان) دروستكردووه
وێستگه‌نیوز –
ئه‌مڕۆ هه‌ینی ئالان حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه گه‌وره‌ترین و ناوازه‌ترین پلاتفۆرمی (دیجیتاڵی كارلێكارانه‌مان) بۆ پرۆسه‌ی فێربوون له كوردستان دروستكردووه.
ئالان حه‌مه‌سه‌عید له په‌یجی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسیویه‌تی: "نه‌وه‌ی ( ئه‌لفا) و له دایكبووانی دوای كۆتایی ئه‌مساڵ كه به‌ناوی ( بێتا) ده‌ناسێندرێن، نه‌وه‌یه‌كی دیجیتاڵین، پێویست بوو سیستمێكی دیجیتاڵی ناوازه‌و كارلێككه‌رانه‌یان بۆ فه‌راهه‌م بكه‌ین له پرۆسه‌ی فێربوون، له‌سه‌بنه‌مای چێژبه‌خشی فێربوون و فێربوون به كردار earning by Doing".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "پلاتفۆرمی (قوتابخانه‌كه‌م) كه ئێستا سێ پۆلی خوێندنی ته‌واو كارایه و پۆله‌كانی 4 و 5ی بنه‌ڕه‌تیش له‌ژێركاركردندان، بۆ كۆتایی ساڵی 2026 هه‌موو پۆل و قۆناغه‌كانی خوێندنی بنه‌ڕه‌تی ته‌واو ده‌كرێن، تیمی خۆماڵی و به‌هاوبه‌شی رێكخراوی یونسێف ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، ده‌بێته وه‌رچه‌رخانێكی گرنگی پرۆسه‌ی فێربوون له كوردستان".
وه‌زیری په‌روه‌رده ده‌ڵێت: "ئه‌و قوتابخانانه‌ی دیاریكراون كه ئه‌مساڵ ئه‌زموونكاریی تێدا ئه‌نجامبدرێت له زۆرێك له پارێزگاكان ڕاهێنانیان ته‌واوكردووه و پرۆسه‌ی ڕاهێنانیش به‌رده‌وامن بۆ ئه‌و قوتابخانانه‌ی كه زیادمان كردن بۆ پرۆژه‌كه".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه سه‌رۆك وه‌زیران سمارت بۆردی پێویستی دابینكردووه بۆ ئه‌و قوتابخانه حكومیانه‌ی كه ئه‌م پرۆسه‌یه‌یان تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌ین، به‌شێكی دیكه‌ش كه‌رتی خوێندنی ناحكومی هاوكار و هه‌ماهه‌نگی كه‌رتی خوێندنی حكومی ده‌بن له‌دابینكردنی سمارت بۆرد بۆ پۆله‌كانی ئه‌و قوتابخانانه.
ده‌شڵێت: "هه‌موو بابه‌ت و وانه‌كانی خوێندنی ناو پۆل ده‌گرێته‌وه و هیچ بابه‌تێك فه‌رامۆش ناكرێت".
ئالان حه‌مه سه‌عید باسی له‌وه‌شكردووه كه "كاری گرنگ و ناوازه‌ی دیكه ئه‌وه‌یه كه‌ئه‌م پلاتفۆرمه زیره‌كی ده‌ستكرد( زانا) ی تێدایه، كه وه‌ڵامی پرسیاری بابه‌ته په‌روه‌رده‌ییه‌كان ده‌داته‌وه ، به‌نمونه ده‌توانی داوای لێبكه‌یت ئه‌و بابه‌ته‌ت بۆ پوخت بكاته‌وه ، داوابكه‌ی بۆت بكاته پرسیار و وه‌ڵام ، داوابكه‌یت به گوێره‌ی هه‌ره‌می ( بلۆم) بابه‌ته‌كه‌ت بۆ باس بكات ، داوابكه‌یت بابه‌ته‌كه بۆ بكاته بۆشایی و وه‌ڵام ، داوابكه‌یت كه چ پرسیارێك ئاراسته‌ی مامۆستا بكه‌یت له‌و بابه‌ته، یان ئه‌گه‌ر مامۆستا داوای له قوتابی كرد بابه‌تێكی بۆ شرۆڤه بكات ، زیره‌كی ده‌ستكرد( زانا) ڕێنوێنی ده‌كات كه چۆن وه‌ڵامی مامۆستا بداته‌وه. یه‌كه‌مین دامه‌زراوه‌ی فه‌رمی حكومی خوێندنین له كوردستان كه زیره‌كی تایبه‌ت به بواری فێربوونی پرۆگرامه‌كانی خوێندنمان هه‌یه".
روونیشیكردووه‌ته‌وه كه "له پلاتفۆرمه‌كه‌دا ( ئه‌ركی ماڵه‌وه) هه‌یه كه پۆل و هۆبه و ناوی قوتابیان بۆ مامۆستا ئاماده‌كراوه و ده‌توانێت بۆ قوتابیه‌ك یان چه‌ند قوتابیه‌كی دیاریكراو یان هه‌موو قوتابیانی هۆبه‌كه‌ی ئه‌ركی ماڵه‌وه بنێرێت و سه‌یریشی بكات كه كێ ئه‌ركه‌كانی ئه‌نجامداوه. هاوكاری ئه‌و دایك و باوكانه ده‌بێت كه وه‌ك پێویست به پرۆسه‌ی خوێنده‌واری تێنه‌په‌ڕیوون و ناتوانن له‌ماڵه‌وه هاوكاری منداڵه‌كانیان بن، ئه‌و پلاتفۆرمه هاوكاریان ده‌بێت".
" ئه‌و قوتابخانانه‌ی تاقیگه‌یان نیه ئێستا كار له‌سه‌ر تاقیگه‌ی گریمانه‌یی Virtual Lab ده‌كه‌ین ، كه ئیدی له ئاینده گرفتی نه‌بوونی تاقیگه‌یان نه‌مێنێت و بتوانن به‌به‌كارهێنانی ئه‌و تاقیگه گریمانه‌ییه وه‌ك ئه‌وه‌ی له تاقیگه‌ی ئاسایی كاره‌كان ئه‌نجامبده‌ن"، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم واده‌ڵێت.
ئالان حه‌مه سه‌عید راشیگه‌یاندووه كه "پلاتفۆرمه‌كه بۆ سیستمی خوێندنی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یه به زمانه‌كانی كوردی ( سۆرانی - بادینی) و ئینگلیزی".
PM:03:51:21/11/2025
ئه‌م بابه‌ته 412
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت