بارزانی‌ له‌ میانی‌ پێشوازیكردنی‌ له‌ عه‌بدی: نابێت مافه‌كانی گه‌لی كورد پێشێل بكرێت


وێستگه‌نیوز –
سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌میانی‌ پێشوازیكردنی‌ له‌ فه‌رمانده‌ی گشتی‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات رایگه‌یاند كه‌ "پێویسته‌ پرسی كورد به‌ شێوازێكی دیموكراسیانه‌ و ئاشتیانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سوریای تازه‌دا چاره‌سه‌ر ببێت"، ده‌شڵێت: "نابێت مافه‌كانی گه‌لی كورد پێشێل بكرێت".


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 19ـی تشرینی دووه‌می 2025 له‌ شاری دهۆك مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی‌ پارتی‌ له‌ شاری دهۆك پێشوازی له‌ مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كرد.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ باره‌گای‌ بارزانی‌، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ محه‌مه‌د ئیسماعیل، سه‌رۆكی ئه‌نه‌كه‌سه‌ و عوسمان بایده‌میر سیاسه‌تمه‌داری كوردی باكور و چه‌ند كه‌سایه‌تی و به‌رپرسی تری ڕۆژئاوا  به‌شداربوون، سه‌رۆكی‌ پارتی‌ وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی كه‌ هه‌ردوو لایه‌ن به‌یه‌كه‌وه‌ به‌شدارن له‌ كۆڕبه‌ندی مێپس 2025 له‌ شاری دهۆك، دواتر بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا له‌سه‌ر بارودۆخی سوریا و ناوچه‌كه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ پێویسته‌ پرسی كورد به‌ شێوازێكی دیموكراسیانه‌ و ئاشتیانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سوریای تازه‌دا چاره‌سه‌ر ببێت و هه‌ڵه‌كانی رابردوو چاره‌سه‌ر ببن و دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌.

جه‌ختیشی له‌ پشوودرێژی و ته‌بایی و  یه‌كڕیزی هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كورد كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ "نابێت مافه‌كانی گه‌لی كورد پێشێل بكرێت". 

به‌گوێره‌ی‌ باره‌گای‌ بارزانی‌، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات سوپاسی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ بانگهێشتنامه‌كه‌ی بۆ كۆڕبه‌ندی مێپس 2025، باسی له‌ ڕۆڵی مه‌سعود بارزانی كرد له‌ به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌كانی له‌پێناو  نزیكبوونه‌وه‌ و به‌دیهێنانی یه‌كڕیزی له‌نێوان لایه‌نه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان و هه‌روه‌ها پاڵپشتیه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی به‌رز نرخاند كه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ده‌رگایان كراوه‌بوو بۆ حه‌واندنه‌وه‌ی خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان، هه‌روه‌ها پاڵپشتیه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی له‌ تێكشكاندنی تیرۆر به‌رز نرخاند.

راشگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ مه‌ترسیه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و پشتیوانی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری ئاشتی له‌ توركیا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.



PM:06:08:19/11/2025










ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت