مەسرور بارزانی: عێراق داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم وەردەگرێت و کەچی مووچە هەر دوادەخات
وێستگەنیوز-
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، دەمانەوێت لەسەر بنەمای دەستوور کێشەکانمان لەگەڵ عێراق چارەسەر بکەین، ئاماژە بەوەشدەکات، هەر لایەنێک لەگەڵ ئێمە کار بکات دەبێت باوەڕی بە دەستوور هەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک رایگەیاند، "زۆر کێشەی هەڵپەسێردراومان لەگەڵ عێراق هەیە، دەمانەوێت لەسەر بنەمای دەستوور کێشەکانمان لەگەڵ عێراق چارەسەر بکەین".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئەگەر پشت بە دەستوور ببەستین زۆربەی کێشەکان چارەسەر دەبن، هەر لایەنێک لەگەڵ ئێمە کار بکات دەبێت باوەڕی بە دەستوور هەبێت".
باسی لەوەشکرد، "پارتی بووەتە چەترێک بۆ خەڵکی کوردستان و پارتی متمانەی زۆربەی خەڵکی کوردستانی بەدەستهێناوە".
مەسرور بارزانی باسی هەڵبژاردنی کرد و وتی، "لەم هەڵبژاردنەدا هاوڵاتییان دەنگیان بە خزمەتگوزاریدا، لە عێراق هیچ حزبێک هێندەی پارتی دەنگی بەدەستنەهێناوە".
وتیشی، "یاسای هەڵبژاردنی عێراق نادادپەروەرانە ستەمی لە پارتی کرد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پرۆسەیەکی سەرکەوتوو بوو، بەڵام کێشە گەورەکە نادادپەروەردیی یاسای هەڵبژاردنە.
جەختی لەوەشکردەوە، "دەبوایە لە دوای پەسەندکردنی دەستوور یاسایەکی نوێ بۆ نەوت و غاز دەربکرایە، چونکە لە کێشەی نەوت و غاز ئێستاش عێراق پشت بەیاسایەکی کۆنی رژێمی بەعس دەبەستێت".
دەڵێت، "کاتێک خزمەتکردنی خەڵک دەبێتە ئامانجی سەرەکیی حکومەت، حکومداری باش و بەڕێوەبەردن ئاسان دەبێت، ئێمە لەگەڵ ئەو ئەجێندایەی هەمانە بۆ خزمەتی خەڵک راستگۆین و تەنیا بەڵێنمان نەداوە، بەڵکو جێبەجێمان کردووە".
لە بەشێکی گفتوگۆکەیدا مەسرور بارزانی باسی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کرد و ئاماژەی بەوەدا، "زۆر نیگەرانم لە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، پارتی پێش هەموو حزبەکان سەردانی لایەنەکانی کرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم".
ئاشکراشیکرد، "بۆ پێکهێنانی حکومەت زۆر هەوڵماندا لەگەڵ یەکێتی، هەروەها پارتی هەوڵیدا پۆستی زیاتر بدات بە یەکێتی، زیاتر لە حەقی خۆی".
ئەوەشی خستەڕوو، "بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم پارتی نەرمی زۆر نواندووە، یەکێتی بە سیاسەت هەوڵیداوە پێکهێنانی حکومەتی نوێ دوابخات، هەروەها ئەو پۆستانەی یەکێتی داوای دەکرد لەگەڵ دەستکەوتی هەڵبژاردنیان گونجاو نەبوو".
لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە مەسرور بارزانی روونیکردەوە، " راگرتنی هەناردەکردنی نەوت زیانی دەیان ملیۆن دۆلاری هەبووە، پێشتر هیچ هۆکارێک نەبووە بۆ راگرتنی هەناردەکردنی نەوت".
راشیگەیاند، "هەناردەکردنەوەی نەوت کاتییە و پێویستی بە دەرکردنی یاسای نەوت و غازە، چونکە پێشتریش راگرتنی هەناردەی نەوت بڕیارێکی سیاسیی بوو زیانێکی زۆر بە عێراق و هەرێمی کوردستانیش کەوت".
باسی لەوەشکرد، "ئەوانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج بە کەفالەت ئازادکراون".
مەسرور بارزانی بە پێویستی دەزانێت گۆڕانکاری لە یاسای خانەنشین بکرێت، ئەوەشی وت، "عێراق داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم وەردەگرێت و کەچی مووچە هەر دوادەخات".
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە کارەبامان بە هەرزانتر لە ئێران بە عێراق داوە".
مەسرور بارزانی لەمیانەی گفتوگۆکەیدا ئەوەشی ئاشکراکرد، "پارەدانی ئەلیکترۆنی پرۆژەی داهاتوومانە، هەروەها پرۆژەی هەژماری من کارئاسانی دەکات بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی".
ئەوەشی دووپاتکردەوە کە "پرۆژەی هەژماری من و پرۆژەی روناکی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت".
ئەوەشی خستەڕوو، "لە پرۆژەی گەشانەوەدا حکومەت دەبێتە نێوەندگیر لە نێوان گەنجان و بانک، هەروەها ە ڕێگەی پرۆژە و بەرنامەکانەوە پاڵپشتی گەنجان دەبین".
PM:03:19:19/11/2025
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت