رێبەر ئەحمەد: لە هەرێمی کوردستان هەموومان لە بەرامبەر یاسادا یەکسانین


وێستگەنیوز-

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بێگوومان ئاشتی یەکێکە لە بەها هەرە گرنگ و پیرۆزەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا پڕبووە لە ئاڵەنگاری و ناسەقامگیری.


ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک رایگەیاند، "لە ساڵانی ڕابردوودا، هەمیشە باس لە دەرئەنجامەکانی رێککەوتننامەی سایکس بیکۆ دەکرێت، بێگوومان ئەم رێککەوتننامەیە یەکێکە لە گرفتە گەورەکان کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە".

ئاماژەی بەوەکرد، "کێشەی سەرەکی نەبوونی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕست، بە تایبەتی لە عێراق و سوریا، کەلتوور و بیرباوەڕ و بەهایە، بۆ نموونە، کاتێک دەسەڵاتێک بڕیاردەدات لایەنێک یان نەتەوەیەک یاخود بیروباوەڕێک لەوانی دیکە باڵاتر بێت، کەواتە بڕیاریداوە لەو ناوچەیە بە ئاشتی ژیان نەکرێت".

ڕێبەر ئەحمەد وتی، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان، دوای راپەڕین ساڵی 1991 بڕیارماندا، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بکەینە ئامانجی سەرەکی خۆمان، هەروەها بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی ئەوە بوو، ئێمە لە کوردستان هەموومان وەکو یەکترین، ئەگەر لە ئایین و نەتەوەی جیاوازیش بین، بەڵام هەموومان لە بەرامبەر یاسادا یەکسانین، بۆیە ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان سەرچاوەکەی لە بیروباوەڕی ئاشتی و پێکەوە ژیانە، ئێمە دەمانەوێ بە ئاشتی بە یەکەوە بژین، ئەمەش چیرۆکی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە".

وتیشی، "ئەو گۆڕانکاریەی لە دوای ساڵی 2003ەوە لە عێراق ڕوویداوە، بە هەوڵ و ماندووبووبی ئەو کەسانە نەبووە کە ئێستا لە حکوومڕانیدان، پێش ساڵی 2003، ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکان هەمیشە بە شەڕ و ڕشتنی خوێن دەسەڵاتیان دەستاودەست کردووە، بۆیە سوپاسی ئەمەریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین بۆ ئەوەی لە دەستی ئەو رژێمە ستەمکارە رزگاریان کردین، ئەگەر ئەوان نەبوونایە بێگوومان هیچ یەکێک لەو کەسانەی ئێستا کە دەسەڵاتن نەک خۆیان نەوەکانیشیان نەیاندەتوانی ئەو کارە بکەن کە لە عیراق روویدا".

راشیگەیاند، "کاتێک باسی ئاشتی دەکەین، دەبێ بزانین کێشەی لایەنەکان چییە، دەبێت لە هۆکارەکانی دروست بوونی ئەو تووندوتیژی و کێشەییە بکۆڵینەوە، ئایا لە عێراق ئەمە ئەنجامدراوە؟ بێگوومان نەخێر، لە بارەی ئەو تاوانانەی دەرحەق بە گەلی عێراق کراوە، بە تایبەت گەلی کورد لە جینۆساید و ئەنفال و کیمیاباران، ئایا حکومەتی عێراق داوای لێبوردنی کردووە؟ نەخێر، ئایا بەرپرسیاریەتی ئەوە هەڵگیراوە کە دام و دەزگاکانی حکومەت بەکارهێنراون بۆ چەوساندنەوە و ئاڕاستەکردنی ئەو پەڕی وەحشیگرێتی و زوڵم کردن بەرانبەر بە نەتەوەکانی عێراق؟ نەخێر، کەواتە چاوەڕانی ئەوە نین ئاشتیەکی سەقامگیر لە عێراق دروست ببێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی کە لە هەموو بابەتەکان زیاتر جێگەی سەرەنجی ئێمەبێت ئەوەیە، کەلتووری حکوومڕانی ئێستای عێراق هەمان کەلتووری پێش ساڵی 2003یە، بۆیە دووبارە لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق چەوساندنەوەی هاوڵاتییان دووبارە دەستیپێکردەوە، بۆیە دەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕست و بە تایبەت عێراق، کار بۆ گۆڕینی بیروباوەڕ بکەین، هەرچەندە ئەم پرۆسەیە درێژ خایەنە و بە کاتێکی کەم نایەتە دی، هەروەها دەبێت سەرکردەکانی عێراق دان بەوەدابنێن کە هەڵەیان کردووە لە تەنها گۆڕینی سەرانی رژێمی عێراق، لە هەمان کاتدا ئاڕاستە راستەکە ئەوەیە جگە لە کەسانی حکومڕان، کەلتووری حکومڕانی بگۆڕدرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، "لەئێستادا عێراق و سوریا لە مەترسییەکی گەورەدان، چونکە ‌هێشتا کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی کێشەکانی کورد یەکلا نەبوونەتەوە، هاوکات نەگەیشتووین بە مافەکانی خۆمان، بۆیە لەو باوەڕەدام، تاوەکو ئەو کاتەی کێشەی هەموو نەتەوەکانی ناوچەکە چارەسەر نەکرێت، ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست دروست نابێت".


PM:01:55:19/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت