ئامانج رەحیم: تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا تەنها 280 ملیار دینارە
وێستگەنیوز-
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا تەنها 280 ملیار دینارە، ئاماژە بەوەشدەکات، هەرێم بە داهاتی خۆی بە رێژەی 71% ی تێچووی مووچەی مانگانە دابیندەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2025، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی سێقۆڵی هەناردەی نەوتی هەرێم، لەئێستادا هەرێم بە داهاتی نەوت و نانەوتی خۆی مانگانە بڕی 665 ملیار دینار بە کاش دەخاتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ، بەم شێوەیەش هەرێم بە داهاتی خۆی بە ڕێژەی 71% ی تێچووی مووچەی مانگانە دابین دەکات، بەم شێوەیەی خوارەوە:
1- بە گوێرەی دوا لێدوانی ئەمڕۆی بەڕێوەبەری گشتی نەوتی باکور بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ دەفرۆشرێت کە داهاتی کاشی مانگانەی فرۆشتنی ئەم بڕە نەوتە (بە نرخی ئەمڕۆی نەوتی برێنت 64.79 دۆلار) دەکاتە (545 ملیار) دینار مانگانە، کە داهاتەکەی هەمووی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵە.
2- بڕی 120 ملیار دیناری دیکەی مانگانە وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بە کاش دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراق.
ئاماژە بەوەشدەکات، "خەرجی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ 945 ملیار دینارە".
ئامانج رەحیم دەڵێت، "بە لێدەرکردنی داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێم کە بە کاش مانگانە دەچێتە سەر حسابی دارایی فیدڕاڵ لە کۆی گشتی تێچووی مووچەی هەرێم، لە ئەنجامدا تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا تەنها (280 ملیار) دیناری پێویستە کە بە ڕێژە دەکاتە 30%ی مووچەی مانگانە".
دەشڵێت، "هەرچەندە لە سیستمی ژمێریاریی حکومی خەرجی بە جیا لە داهات ئەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش حساب بکەین کە 16 دۆلارە بۆ یەک بەرمیل، ئەو کات کولفەی مووچەی مانگانەی هەرێم بە بە کولفەی نەوتیشەوە تەنها نزیکەی 400 ملیار لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی دەکەوێت کە دەکاتە ڕێژەی 40% ی مووچەی مانگانە، و ئەو کاتیش هەرێم خۆی ڕێژەی 60% ی مووچەی خۆی لە داهاتی کاشی خۆی دابین کردووە".
PM:12:04:19/11/2025
ئهم بابهته 408
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت